کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوێ پێنەدان و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم بووەتە هۆی ئەوەی لاوەکانی "سەردەشت" کۆچ بکەن

12:59 - 5 گەلاوێژ 2722

بەپێی زانیارییەکان، دیسان کۆمەڵێک لاوی شاری سەردەشت خۆیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بەرەو وڵاتانی ئورووپایی کۆچ بکەن. بەردەوامیی کۆچی لاوان، نیگەرانیی خەڵکی ئەم شارەی بەدواوە بووە و دەڵێن بەو شێوەیە بێت شارەکەمان گەنج و لاوی تێدا نامێنێ و چۆڵ دەبێت.

شاری "سەردەشت" یەکەمین قوربانی چەکی کیمیاییە و پۆتانسیێلی زۆری بۆ درووستکردنی هەلی کار هەیە.

کەرتەکانی کەشتوکاڵ و گەشتیاری لەو کەرتە گرینگانەن کە گرینگییان پێ نادرێت. بەهۆی نەبوونی ساردخانە و شوێنی تایبەت بۆ هەڵگرتن یان کەڵکوەرگرتنی جۆراوجۆر، ساڵانە ڕێژییەکی زۆر ترێی جۆراوجۆر و هەرمێ، بە نرخێکی زۆر کەم دەفرۆشرێت، لە لایەکی تریشەوە کەڵکی پێویست لە شوێنە گەشتیارییەکانی وەرناگیردرێ.

سەردەشت سێ بازاڕچەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە کە لە لایەن ڕێژیمەوە بەڕووی خەڵکی ئەو شارەدا داخراون.

بێکاری و نەبوونی کار و پیشە و خزمەتگوزاریی گشتی کە بەشێوەی سیستماتیک لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەڕێوە دەچێت، هۆکاری سەرەکین بۆ ئەوەی کە لاوەکانی ئەو شارە زێدەکەیان چۆڵ بکەن و ڕوو لە وڵاتانی ئورووپایی بکەن.

بەپێی ئەو زانیارییانە کە بە کوردستان میدیا گەیشتووە، ڕێژیم هاوکات لەگەڵ کۆچی لاوانی ئەو شارە، دەستی کردووە بە دامەزرانی  لاوانی تورکی لەدایکبووی دەیەی ٨٠ی هەتاوی لە ناوەندەکانی سپا و هێزی ئینتیزامیدا و خانوویان پێ دەدات و بەم شێوەیە لە هەوڵی گۆڕینی دێموگرافیای ئەم شارەدایە.