کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گڵکۆی هونەمەند "عەلی مەردان" لە کەرکووک بێڕێزی پێکرا

18:47 - 9 خاکەلێوه 2721

ڕێکەوتی ٨ی خاکەلێوە گڵکۆی هونەرمەندی مەقام بێژ مامۆستا "عەلی مەردان" لەلایەن کەسانی دڵڕەش و پڕ لەقین لە کەرکووک شێوێندراوە.

هونەرمەند مامۆستا "عەلی مەردان" لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا دەنگی بۆ هەمیشە لەمێژودا مایەوە و لە گۆڕستانی "شێخ محیەدین" لە شاری کەرکووک بە خاک ئەسپێردراوە.

گڵکۆی ئەو هونەرمەندە لەلایەن کەسانی نەناسراو و دوژمنی کورد ڕەش کراوە و بێڕێزیان پێکردووە.

مامۆستا "عەلی مەردان" ساڵی ١٩٠٤ی زایینی لە شاری کەرکووک لە گەڕەکی تەکیەی "شێخ عەلی" لەدایک بووە.

مامۆستا، خوێندنی لە تەکیەی کەرکووک و لەلای ماموستا "ساڵح" دەست پێکردوە و ھەر لەوێشەوە لە لای مامۆستای دەنگ خۆش مەلا "ڕەئووف" فێری تەجویدی قورئان و ھەندێ مەقاماتی کوردی و قۆڕیاتی تورکمانی بووە.

"عەلی مەردا"ن پاش ھەشت ساڵ لە تەکیە، شاری کەرکووکی بەجێھێشتووە چووەتە گوندی "لەیلان "و لەو گوندەدا تەموورەژەنێکی بە توانا بە ناوی "خدر بارام" ناسیوە کە سوودێکی زۆری لێ وەرگرتوە بۆ مەقاماتی کوردی.

ناوبروا دواتر دەچێت بۆ بەغدا، مەقاماتی کوردی، فارسی و عەرەبی لە مامۆستایانی تری فارس و عەرەب و کوردەوە فێر دەبێت و وەک شارەزایەک لە بواری مەقاماتی ناوچەکەدا جێگای خۆی دەبینێتەوە.

"شیرین کەلامە، گیانە بەسییەتی، یاریکە ڕاکە پێکەنە، خۆم وعودەکەم، مینا گیان، فاتیمە" تەنیا بەشێکی زۆر کەم لە مەقامە بەناوبانگەکانی مامۆستا "عەلی مەردانــ"ــــن کە هیچ کات کۆن نابن و هەردەم لەسەر زاران دەوترێنەوە.

شێوازی مەقامی مامۆستا "عەلی مەردان" مەرجەعێکە بۆ ئەو کەسانەی کە خوازیاری فیربوونی ئاوازی ڕەسەنی کوردین.

ئەوە یەکەم جار نیە گڵکۆی هونەرمەندان و کەسایەتییە ناودارەکانی کورد لەلایەن دوژمنانی کورد بێڕێزی پێدەکرێت وەک گڵکۆی نەمران: شەهید "سلێمان موعینی، شەریف باجوەر، مامۆستا هێمن، مامۆستا هەژار، محەممەد ماملێ و مامۆستا مەولەویی کورد".