کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گڵکۆی چەند شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە نزیک سنووری بانە نۆژەن کرانەوە

17:12 - 1 سەرماوەز 2721

بەشی شەهیدان سەر بە کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گۆڕی چەند شەهیدی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکراتی لە نزیک سنووری بانە نوژەن کردەوە.

بەشی شەهیدان، گڵکۆی شەهیدان ''محەممەد دوودکانلوو، ڕەحیم مەحموودی، محەممەد یووسفی و ڕەشید ئیسلامی'' لە ''کارێزەن'' لە نزیک سنووری بانە کە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تێک درابوون، نۆژەن کردەوە.

بەشێک لە کێلەکانی گڵکۆی ئەو شەهیدانە شکێندرابوون و تەنانەت ئاسەواری گولـلە بەسەریانەوە دیار بوو.

بەشی شەهیدان دوای نۆژەنکردنەوەی گڵکۆی ئەو شەهیدانە، لەسەر گڵکۆکانیان ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵ کرد و جامانە و ئارمی حیزبی دێموکراتیان دانا.

شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، پێناسە و ڕەمزی مانەوەی نیشتمان و نەتەوەی کوردن، بۆیە بەردەوام لەلایەن دوژمنانی گەلەوە بێڕێزییان پێ دەکرێت و هەوڵ بۆ سڕینەوەیان دەدەن.