کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆرانیی "هەر ئەمنم ئەو کەسەی ژینی بۆ تۆ ماوە" بۆ هەمیشە زیندوو مایەوە

12:42 - 29 خاکەلێوه 2722

شەوی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوە گۆرانیبێژ، ژەنیار و ئاوازدانەری ناوداری کورد مامۆستا "قادر سەیاحی" لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا بەهۆی لێدانی جەڵتە لە شاری "خۆی" لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

"قادر سەیاحی" لە ماوەی ژیانی هونەری خۆیدا چەندین بەرهەمی ناوازەی خولقاندووە کە دواتر لەلایەن زۆرێک لە هونەرمەندانی دیکەی کوردەوە گوتراونەتەوە.

هونەرمەند "قادر سەیاحی" لە سەرەتادا لە کوردستانی باشوور بە هەڵە بە ناوی "سەعید قەندی" ناوی دەرکردبوو.

مامۆستا "قادر سەیاحی" خاوەنی گەلێک توانایی هونەری بووە و جیا لە گۆرانیبێژی، هاوکات ژەنیارێکی بە توانا و ئاوازدانەرێکی لە زەبر بووە و شێعری زۆربەی گۆرانییەکانی بە دەستی خۆی نووسراون.

ئەو هونەرمەندە دەستێکی توانای لە تێکەڵکێشی شێعر و ئاوازی کوردیدا هەبووە و لە دانانی ئاواز بۆ شێعر و نووسینی شێعر بۆ ئاواز و دانی ڕیتمی تایبەت بە گۆرانییەکان زۆر شارەزا بووە.

زۆرێک لە خاوەنڕایانی هونەری گۆرانی کوردی ناوبراو بە قوتابخانەیەکی بچکۆلە و جیاوازی هونەری کوردی دەزانن و پێیان وایە کە زۆر زانستییانە لەسەر گۆرانی کوری و نۆتی مۆسیقی کاری کردووە.

هونەرمەند "قادر سەیاحی" ساڵی ١٣٢٢ی هەتاوی لە شاری "مەهاباد" لەدایک بووە. لە تەمەنی لاوێتیدا دەستی کردووە بە گۆرانی کوتن و گۆرانییە ناسراوەکانی وەکوو "یادم کە" و " هەر تۆی قسەی عیشقم"، "ئەی گوڵی مەهابادی" و چەندینی دیکە لە بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندەن.