کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆرجستان موسافیرانی ئێرانی بە هۆی هەڵگرتنی ماددەی سڕکەر دیپۆرت کردەوە

11:11 - 13 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی گۆرجستان ٢٠٠ موسافیری ئێرانی دیپۆرت کردووەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ هەڵگرتنی ماددە سڕکەرەکان گەڕاندووەتەوە؛ ئەو بڕیارەش کاربەدەستانی ڕێژیمی توڕە کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، ٢٠٠ موسافیری ئێرانی لە وڵاتی گۆرجستان دیپۆرتی ئێران کرانەوە، هۆکاری دیپۆرتکردنەوەی موسافیرانی ئێرانی بۆ هەڵگرتنی ماددەی سڕکەر و سیاسەتی نوێی ئەو وڵاتە بە نیسبەت پەنابەران گەڕێندراوەتەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دوای ئەو بڕیارەی دەوڵەتی گۆرجستان هەڵوێستی توندیان گرتووەتە بەر و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانیش ڕەخنەی توندی لە گۆرجستان گرتووە.

بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٢ هەزار موسافیری ئێرانی نەیانتوانیوە سەفەری گۆرجستان بکەن.

لە سەرەتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵەوە تا ئێستە ئەمە چەندەمین جارە کە گۆرجستان موسافیرانی ئێرانی دیپۆرت دەکاتەوە.

هەواڵدەریی "فارس" سەر بە ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە هەڵبژاردنی "سالومە زورابیشویلی" وەک سەرکۆماری نوێی گۆرجستان و سیاسەتی دژه پەنابەریی ناوبراو، یەکێک له هۆکارە سەرەکییەکانی دیپۆرتکردنەوەی موسافیرانی ئێرانییە.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵیش چەندین موسافیری ئێرانی بە تۆمەتی هەڵگرتنی ماددە سڕکەرەکان لە وڵاتی گۆرجستان لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کران.

هاوکات ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەز ٦ ئێرانی بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان لەو وڵاتە دەسبەسەر کران.

 ڕێژیم خۆی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان دەکات و زۆرینەی فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم قاچاخچیی ماددەی هۆشبەرن و تەنانەت سپای پاسداران نەک هەر لە ئێران، بەڵکوو لە ناوچەکە و جیهاندا بەتایبەت لە وڵاتە ئافریقاییەکان و ئامریکای باشووریشدا بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکات.