کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆشت بە ڕووکەشی ئاڵتوون، خواردنی ئاغازادەکانی ڕێژیم

13:02 - 26 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لە کاتێکدا کە بەشی زۆری کۆمەڵگای ئێران بەدەست گرانی و خراپیی ئابوورییەوە دەناڵێنن، ڕێستورانگەلێک لە باکووری شاری تاراندا، گۆشت بە ڕووکەشی ئاڵتوونەوە پێشکەشی موشتەرییەکانیان دەکەن.

گرانی، خراپیی دۆخی ئابووری و بەرزبوونی تێچووەکانی بژێویی ژیان، باڵی بەسەر ژیانی خەڵکی ئێراندا کێشاوە و زۆرێک لە خەڵک، توانای دابینکردنی نانی شەویان نییە، بەڵام ڕێستورانگەلێک لە باکووری شاری تاراندا، خواردنی گۆشت بە ڕووکەشی ئاڵتوونەوە دەفرۆشن.

فرۆشتنی خواردنێکی لەم چەشنە لە دۆخێکی وەهادا، لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران بۆ کڕینی گۆشتی بەستوو، بە نرخی حکوومەتی، کە چۆنایەتییەکەشی زۆر لە خوارە، دەبێ چەند کاتژمێرێک لە ڕیزدا چاوەڕی بکەن.

ڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنە و فیلمگەلێک لە خراپیی دۆخی ئابووریی خەڵک بڵاو دەبێتەوە کە کەسانێک بۆ پەیداکردنی ژەمی خواردنیان، دەبێ زبڵدانەکان بگەڕێن، بەڵام ئاغازادە و کەسانی دەسەڵاتداری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دۆخێکی جیاوازتردا ژیان دەگوزەرێنن و لە ژەمە خۆراکییەکانیاندا لە گۆشت بە ڕووکەشی ئاڵتوون کەڵک وەردەگرن.