کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆشت پڕۆپاگەندەی بۆ دەکرێت

11:17 - 16 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: نەبوونی گۆشت لە بازاڕەکانی ئێراندا بووەتە کێشەیەکی قورس بۆ خەڵک و بەرپرسانی ڕێژیمیش تەنیا لێدوان دەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەڕای ئەوەی کە نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی ئێراندا نرخی زێڕین تۆمار دەکات، کاربەدەستانی ڕێژیمیش باس لەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت تەنیا شتێكی کاتییە و لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆنتڕۆڵی نرخەکەی دەکەین.

بە هۆی نەبوون و گرانیی گۆشت، خەڵک لە بەردەم دەرگای فرۆشگا و قەسابییەکاندا نۆرە دەگرنەوە.

لەو پێوەندییەدا، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران، لە شارەکاندا، لە هەر شوێنێکدا گۆشتی گەرم بفرۆشرێت پڕۆپاگەندەی بۆ دەکەن کە خەڵک بڕۆنە ئەو شوێنە و گۆشتی بکڕن.

لە دوای بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لە ئێراندا، ڕێژیمی ئێران بڕیاری دا کە گۆشت هاوردە بکرێت.

هاوکات خەڵک بۆ وەرگرتنی گۆشت دەبێت کارتی سەرپەرەستیی بنەماڵەیی و سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەیان پێ بێت.

گرانیی کەلوپەل و نرخی خوراک لە ئێراندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرز دەبێتەوە و بەرپرسانی ڕێژیمیش دەڵێن بە یارمەتی و پشتیوانیی یەکتر دەتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین.