کوردستان میدیا: ستادی چاوەدێری بەسەر بازاڕەکانی ئێران، گرانتربوونی نرخی مریشکی بەستووی پەسەند کرد.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئیلنا، "حەبیبوڵڵا ئەسەدوڵڵانژاد"، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سێنفیی مریشکدارانی ئێران، لە کۆبوونەوەی ئەم ئەنجومەنە لە حەوتووی ڕابردوودا وتوویەتی: "ستادی چاوەدێری بەسەر بازاڕەکانی ئێراندا، گرانبوونی نرخی مریشکی بەستووی لە کیلۆیەک ١١ هەزار و ٥٠٠ تمەن بۆ ١٣ هەزار تمەن پەسەند کرد".
ناوبراو لەم بارەوە وتوویەتی: "لەگەڵ ئەوەش کە نرخی گۆشتی مریشک گران بووە، مریشکداران لە بڕیاری ستادی چاوەدێری ناڕازین، چونکە مریشکداران لە نیوەی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، لەگەڵ زەرەر و زیانێکی زۆر بەرەوڕوون".
"ئەسەدوڵڵانژاد،" باسی لەوە کردووە کە نرخی گونجاو و مەنتقی بۆ گۆشتی مریشک بە لەبەرچاوگرتنی تێچووی بەرهەمهێنانەکان، دەبێت ١٤ هەزار تمەن بێت.
بەرپرسانی ڕێژیم کە بەردەوام بە بێڕێزییەوە هاوار دەکەن کە ئامریکا ناتوانێت هیچ غەڵەتێک بکات، هێشتا ساڵێک بەسەر گەمارۆکانی ئەو وڵاتە تێنەپەڕیوە، بە هۆی ئەوەی کە عەقڵییەتی بەڕێوەبردنی وڵات لە زات و جەوهەری ئەم بەناو بەرپرسانەدا بوونی نییە، هەموو جومگە ئابوورییەکانی ئێران لە نێوان دوو بەرداشی گەمارۆکانی ئامریکا و نەزانکاریی ئەو ڕێژیمەدا، دەهاڕدرێن.