کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆشەگیریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران

12:45 - 7 بەفرانبار 2719

ڕەحمان سەلیمی

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئەمساڵدا تووشی گۆشەگیرییەکی بەتەواو مانا بووە، گۆشەگیرییەک کە هۆکارە سەرکییەکەی دەبێ لە نێوخۆی ئێراندا لێ بگەڕیێت. خرۆشانی ئەمجارەی خەڵکی کوردستان و ئێران ئەم تایبەتمەندییەی هەبوو کە لە بزووتنەوە ناڕزاییەتیه‌کانی ڕابردوو جیاوازتر بوو. بە شێوەیەک کە ئەساسی ڕێژیمی ئێرانی وەلەرزە خست کە بەتوندترین شێوە هەوڵ درا خەڵک سەرکوت بکەن.

بەهۆی گەمارۆوە نەوتییەکانی ئامریکا، هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ٢.٥ ملیۆن به‌رمیل  گه‌یشتووه‌تە ژێر ٣٠٠ هەزار به‌رمیل لە ڕۆژدا. بە شێوەیەک ''ئیسحاق جەهانگیری''، جێگری یەکەمی ''حەسەن ڕووحانی''، دانی بەوەدا نابوو کە تەنانەت وڵاتانی دۆست و جیرانیش یەک دڵۆپ لە نەوتی ئێران ناکڕن. لە وڵاتێکدا کە ئابوورییەکەی لەسەر ئەساسی هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکاندا بونیات نراوە، ئاکامی ئەم گەمارۆوانە، شتێک جگە لە کارەساتی ئابووری نییە. لە بودجەیەکدا کە ماوەی ڕابردوو ڕەوانەی مەجلیسی ڕێژیم کرابوو، ٢ لەسەر ٣ی بێ پشتیوانیی ماڵییە. گرانکردنی نرخی بێنزین کە دەبێتە هۆی گرانبوونی شتومەکەکانی دیکە، خەڵک زیاتر لە ڕابردوو دەخاتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

هەوڵەکانی ڕێژیم ئێران بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەمارۆکان و دەورلێدانەوەیان، تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە. ئورووپا ناتوانێت و نایشیهەوێت یارمەتیدەری دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی ئێران بێت. لەم قۆناغەدا بۆ ئورووپا ئەوە گرینگە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێککەوتنی بەرجامدا بمێنێتەوە.

هەروەها گەمارۆکانی کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ تەنیا ئابووری نەبووە. وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ''قاسم سەڵەواتی و محەممەد موقیسە''ی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە. ئەم دوو کەسە یەکێک لە پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێراندان کە لە دادگا فەرمایشییەکاندا سەدان کەس لە چالاکانی نەتەوەکانی ئێران، ڕۆژنامەوان، چالاکانی سیاسی و ڕێرەوانی کەمایەتییە ئایینییەکان بە زیندانی درێژخایەن و ئێعدام مەحکووم کردووە. ئورووپاش لەم ڕێگەیەوە هەنگاو هەڵدەگرێت و بڕیارە تەرحێک بۆ تەحریمکردنی پێشێکارانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بەڕێوە ببات.

تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە چەندین ڕەهەندەوە بۆ جیهان ئاشکرا بووە، لە کۆتایی ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠١٩ی زایینی، کۆنگرەی ئامریکا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکیەتیی ئورووپا، پارلمانەکانی هولەند و بێلژیک و چەندین ناوندی نێونەتەوەیی و کەسایەتیی سیاسیی وڵاتانی پێشکەوتوو، سەرکوتی درندانەی خەڵکی ناڕازی لە ئێرانیان مەحکووم کرد.

ڕەوایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تەنیا لە نێوخۆی ئێراندا تێک نەڕووخاوە. بەڵکوو لە وڵاتانێکدا کە ڕێبەرانی ڕێژیم بە ناو '' قوڵایی ستراتیژیک'' ناوی لێدەبەن ئەم ڕەواییە بەتەواوی لەژێر گوشاری خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەو وڵاتانەدا لەنێو چووە. لە لوبنان خەڵک نەتەنیا دژی حیزبوڵڵا و دارودەستەکەین، بەڵکوو دژی پشتیوانەکەیان واتە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕاپەڕیون و داوای ئازادکردنی ئەو وڵاتە لەژێر دەستێوەردانەکانی ئەم ڕێژیمەن.

لە عێراقدا خەڵک ڕاستەوخۆ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکانی سیاسی و ئابووری لەو وڵاتەدا دەزانن، خۆپیشاندانەکانی عێراق لە ڕاستیدا ڕاپەڕینی خەڵکی شیعەی ئەو وڵاتە دژی ڕیژیمێکە کە بۆ خۆی ڕۆڵی ڕێبەریی شیعەکانی لە سەرانسەری جیهاندا قائیلە. دروشمەکانی خەڵکی بەغدا، نەجەف، کەربەلا، ناسرییە، دیوانییە و شارەکانی باشووری عێراق دژی خامنەیی و قاسم سلێمانی و تەواوییەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

هێرش بۆ سەر کونسولگەریی ڕێژیمی ئێران لە کەربەلا و نەجەف پڕشەق کردن و سوتاندنی وێنەی خامنەیی و قاسم سلێمانی و درووشمی ''ئێران بڕۆ دەرەوە'' دەیسەلمێنێت کە شیعەکانی عێراق دەیانهەوێت خۆیان لەژێر کاریگەرییەکانی ڕێژیمی ئێران ئازاد بکەن و خوازیاری دەوڵەتێکن کە سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی لەلایەن سپای پاسدارانەوە هەڵنەبژیردرێن و بەڕێوەبەری فەرمانەکانی تاران نەبن.

لە ساڵی ٢٠٢٠دا کە چەند ڕۆژی دیکە دەست پێدەکات، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە لایەک زیاتر لە جاران لە گۆشەگیریی ناوچەیی و نیونەتەوەیی جێ دەگرێت و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ توڕەیی خەڵک کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پەرە دەستێنێت بەرەوڕوو دەبێتەوە. ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێی ناوەتە ڕێگایەک کە ناتوانێت بگەڕێتەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.