کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆلی زرێبار بووەتە قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران

12:27 - 22 گەلاوێژ 2720

زبڵ و پاشماوەیەکی زۆر دەورووبەری گۆلی زرێباری تەنیوە و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم لەو بوارەدا، هەڕەشە لە ژینگەی زرێبار و دەوروبەری دەکات.

زرێبار و سروشتی دەوروبەری کە دەشت و کێو و دارستان و گیانلەبەری جۆراوجۆری تێدایە، یەکێک لە سەیرانگا بەناوبانگە گەشتیارییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە کە بەهۆی ئاوڕنەدانەوەی بەرپرسانی ڕێژیم لەو ژینگەیە مەترسی بۆ ژینگەی ئەو شوێنە دروست بووە.

دەوڕووبەر و شوێنە گەشتیارییەکانی گۆلی زرێبار کە لەم وەرزەدا گەشتیار و خەڵکێکی زۆر ڕووی تێدەکەن، زبڵ و پاشماوەیەکی زۆری لێ بەجێ ماوە و سیمای ئەو شوێنەی تێک داوە، لەلایەن شارەدەاریی مەریوانەوە هیچ ئاوڕێکی لێ نادرێتەوە.

وێڕای گرینگیی زرێبار بۆ سروشتی ناوچەکە و هەروەها بوونی کەسانی دڵسۆز و ڕێکخراوە خەڵکییەکان، بەهۆی نابەرپرسیارەتیی کاربەدەسانی ڕێژیم، دەریاچەی زرێباری کەوتووەتە مەترسییەوە و له هەنووکەدا زرێبار زیاتر له هەموو کات، هەڕەشەی لەسەرە.

ڕێژەی مەترسییەکان بۆ سەر زرێبار ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت و ئەم دیمەنە کە بووەتە پێناسەیەک بۆ مەریوان و کوردستان، بەداخەوە بەرەو لەنێوچوون دەڕوات.