کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆلی "شارەبازیـ"ـی کرماشان وشک بوو

12:21 - 31 بانەمەڕ 2720

گۆلی شارەبازیی کرماشان کە یەکێک لە گۆلە پڕ ئاوەکانی کوردستان بوو، بە تەواوی وشک بوو.

بەر لە وشکبوونی ئەو گۆلە، خەڵک بە بەلەم تێیدا کاتیان بەسەر دەبرد و جێگای سەیرانی خەڵکی کرماشان بوو، بەڵام ئێستا دەشتێکی بێ ئاوە و ئەمەش نیگەرانیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هۆکاری وشکبوونی ئەو گۆلە بۆ کەمیی بارینی باران لە ساڵانی ڕابردوو دەگەڕێننەوە، بەڵام هۆکاری سەرەکی، دروستکردنی بەربەستە لە ڕێگای هاتنی ئاوی گۆلەکە لەلایەن چەند ئیدارەی ڕێژیمەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاوی سەراوی ''ڕەوانسەر''یش بە ڕێژەی ٤٠ بۆ ٤٥ لەسەد کەمی کردووە.

ئەمانە دەرخەری ئەوەیە کە وشکبوونی ئاوی ئەو گۆلانە بە شێوەی پلان بۆ داڕێژراوە و ڕێژیمی ئێران هۆکاری سەرەکیی تێکدانی ژینگەی کوردستانە.