کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆلی ورمێ بووەتە ناوەندی تۆز و خۆڵ

16:57 - 22 سەرماوەز 2721

"حەسەن عەباس نژاد" بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای "تەورێز" بارودۆخی گۆلی "ورمێـ"ـی کارەساتبار وەسف کرد و وتوویەتی کە ئەو گۆلە گەورەترین ناوەندی تۆز و خۆڵە.

"عەباس نژاد" لەگەڵ ئاماژەدان بە بوونی ٢٥ تاڵاو و حەوزی ئاوڕێژ بۆ نێو گۆلی "ورمێ" وتوویەتی: "هەلومەرجی هەرکام لەو تاڵاوانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپی دەچێت و دەبێ گەڵاڵەیەکی نوێ و خێرا بۆ ڕزگارکردنی ئەو گۆلە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

بارودۆخی گۆلی "ورمێ" لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا قەیراناوی بووە و بەرپرسانی دەوڵەتی "ئەحمەدی نژاد" سەرکۆماری پێشووتر و "حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری پێشووی ڕێژیمی ئێران، پێش لەوە چەندین جار باسیان لە بەڕێوەبردنی گەڵالەگەلێک بۆ بووژاندنەوەی ئەو گۆلە و سەرکەوتنی ئەو پرۆژانە کردووە، بەڵام هێچیان قازانجیان نەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی ڕێژیمی ئێران، دەوڵەتی پێشووی ڕێژیمی ئێران بۆ بووژاندنەوەی گۆلی "ورمێ" ١٥ هەزار میلیارد تمەنی خەرج کردووە، بەڵام هەتا ئیستا ڕاپۆرتێکی ڕێک و ڕوون سەبارەت بە ڕێژەی سەرکەوتنی پرۆژەکان و هەروەها تێچووەکان بڵاو نەکراوەتەوە.