کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆلی ورمێ ٧ ساڵی دیکە دەگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی

10:24 - 27 خەزەڵوەر 2720

"عیسا کەڵانتەری" سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی "ئاناتۆلی" وتی: "لە گەڵاڵەی بووژاندنەوەی گۆلی ورمێدا ٣ ساڵی یەکەم بۆ جێگیربوونی بارودۆخ بووە و ٤ ساڵیش بۆ بووژاندنەوەی دیاری کراوە".

 ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، هەتا ٧ ساڵی دیکە گۆلی ورمێ دەگاتە بارودۆخێکی باش بە پانتایی ٤ هەزار و ٣٠٠ میتری چوارگۆشە و ١٥ هەزار میتری چوارگۆشە ئاوی دەبێت.

"عیسا کەڵانتەری" پێشتر باسی لەوە کردبوو کە ٨٠ لەسەدی دەشتەکانی ئێران وشک بوونە و قەیرانی وشکەساڵی و کەمئاوی لە ئێران لەوپەڕی نالەباریدایە.

گۆلی ورمێ بەرەو وشکبوونی یەکجاری دەڕوات و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران جیا لە دروشم هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نادەن.

لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی بەملاوە وشکەساڵی و کەمئاوی کۆمەڵێک کێشەی لە ناوچەکانی پارێزگای ورمێ پێک هێناوە کە بووەتە هۆی ئەوەیکە باخ و دارستانەکان لە داوێنی چیاکان و ڕووبارەکان وشک ببن، هەروەها هەڵکەندنی بیر لەو ناوچەیە کێشەیەکی دیکەیە کە کاریگەریی لەسەر وشکبوونی ئەو گۆلە داناوە.

لە ئەگەری وشکبوونی گۆلی ورمێ، بە پانتایی ٣٠٠ هەزار هێکتار بیاوان و دەشتایی لە دەوروبەری ئەو گۆلە دروست دەبێت کە گەردیلە خوێییەکان ژیانی دانیشتووانی ئەو ناوچە دەخاتە مەترسییەوە.