کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆڕانی لەشی مرۆڤ و کۆمەڵگا و کۆماری ئاخوندی

17:08 - 7 خاکەلێوه 2720

سندووس
لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی کارکردخوازەوە، گۆڕان لە کۆمەڵگادا وەک گۆڕانی لەشی مرۆڤ وایە و بە پێنج قۆناغدا تێدەپەڕێت. کاتێک لەشی مرۆڤ تووشی نەخۆشی دێ، پێنج هەلی بۆ دەڕەخسێت تا خۆی لێ دەرباز بکات و ئەگەریش لە دەربازبووندا سەرکەتوو نەبوو، تووشی داتەپین دێ و تێدادەچێت و دەمرێت.
ئەو پێنج قۆناغە بریتین لە:

*
١-  قۆناغی خۆگرتنەوە
٢- قۆناغی چاکسازی
٣- قۆناغی گۆڕانکاری
٤- قۆناغی بەرفراوانکردنەوەی ئاسۆ
٥- قۆناغی تێداچوون و نەمان.

قۆناغی خۆگرتنەوە ئاوایە کە بۆ وێنە ئەگەر لە کاتی نۆبەتێ، کارکردی سیستمی لەش تووشی خراپی هات، بە بڕێک تێکۆشانی زیاتری لەش، قەرەبوو دەکرێتەوە یان بە هەندێک پشوودان و خواردنی دەوا و دەرمان تایەکە دادەبەزێت و لەش ئارام دەبێتەوە.

قۆناغی دووهەم چاکسازییە، بۆ وێنە بابایەک بە زەویدا دەکەوێت و پێستی لەشی بریندار دەبێ، دادەماڵدرێت یان لێک دەبێتەوە، بە ناچاری تەقەڵی بۆ لێ دەدەن و دەکەوێتە ناو مەودای پشوودانێکی باشەوە و زامی لەشی بەرەبەرە چاک دەبێتەوە.

قۆناغی سێهەم گۆڕانکارییە، بۆ وێنە "تومۆر"ێک لە بەشێکی لەشدا پەیدا دەبێت، لێرە ئیتر پێویستە نشتەرگەریی بکرێت و ڕێگایەکی تر نامێنێتەوە. ئەمە گۆڕانکارییە. کاتێک نشتەرگەرییەکە دەکرێت گۆڕانکاریی سەرەکی لە لەشی مروڤدا دێتە ئاراوە.

قۆناغی چوارەم بەرفراوانکردنەوەی ئاسۆیە، لێرە نەخۆش شێرپەنجەی گرتووە و ناتوانرێت بە نەشتەرگەری، تەقەڵ لێدان یان دەوا و دەرمان کێشەکە چارەسەر بکرێت، بەڵکوو دەبێ بەگشتی شێوازی ژیان ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت، سەرچەشنی خواردەمەنی، پێوەندی و هامووشۆیەکان، دڵەڕاوکێ، پیشە، شوێنی ژیان و... بە گوێرەی جۆری دەرمانکردن دەبێ ئاڵوگۆڕیان بەسەردا بێت تا بەڵکوو بتوانرێت شێر‌ەنجەکە کۆنترۆڵ بکرێت. ئەمە لە چوارچێوەی بەرفرەوانکردنەوەی ئاسۆییدا باس و خواس هەڵدەگرێت.

گەر نەخۆش ئەم ڕێوشوێنانەی سەروو لەبەر چاو نەگرێت، قۆناغی پێنجەم واتە تێداچوون و نەمان وێڕادەگات و بەرۆکی دەگرێت.

بە زمانێکی تر، مرۆڤ کاتێک تاو و لەرزی لێ پەیدا دەبێت، دەڵێت:" بە جەهەندەم". بە زەویدا دەکەوێت و لاقی دەشکێت، دەڵێت: "بە جەهەندەم". تومۆر لە سەریدا دێ، دەڵێت: "بە جەهەندەم". شێرپەنجە دەگرێت، دەڵێت: "بە جەهەندەم" و خەم لە هیچکام لە دەرد و ئازارەکانی ناخوات، ئاکامی بڕیارەکانی ئەم بابایە تەنیا مەرگە و هیچی تر.

لە کۆمەڵگاشدا دۆخەکە هەر بەم شێوەیەیە:
خۆگرتنەوە،
چاکسازی،
گۆڕانکاری،
بەرفرەوانکردنەوەی ئاسۆ،
گەر ئەوانەی سەروو نەهاتنەدی، تێداچوون و نەمان، واتە شۆڕش و گۆڕانی سیستم دێتە ئاراوە.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی تەمەنی ٤۱ ساڵەی خۆیدا هیچکات بیری لەم قۆناغانەی ژیان نەکردووەتەوە و تەنیا بە کەڵکاژۆی هەستی سۆزدارانەی مەزهەبی کۆمەڵانی خەڵک، توانیویەتی درێژە بە تەمەنی نگریسی خۆی بدات. لە پێشهاتی تەواوی قەیرانەکاندا لە بڕی چارە، توندوتیژیی بەکار بردووە و هەر وتوویە بە جەهەندەم!

کۆماری ئاخوندیی ٤۱ ساڵە بە خولقاندنی قەیرانی پەیتاپەیتا و یەک لە دووی یەکی وەک: "فتوای شەڕ لە دژی نەتەوەی کورد و باقیی ئازادیخوازان، یەکدەستکردنی کۆمەڵگا و سازکردنی زەمینە بۆ شەڕی هەشت ساڵە و قەیرانی "سازەندەگیـ"ـی زەمانی هاشمی و پێکهێنانی قەڵشتێکی گەورەی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەنێو چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگا و کوشتن و قەڵاچۆی جیابیران و لە دەورانی خاتەمیشدا بە لەبەر یەک ڕاگرتنی بەناو بناژۆخواز و ڕێفۆرمخوازەکان و بەناو گەشەی سیاسی و دواجار بە هێنانەئارای دیاردەیەکی نەحسی وەک "ئەحمەدی نژاد"، لەژێرناوی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و لەم دواییانەشدا گەشە و میانەڕەوی لەژێر کارگەرێتیی سیاسەتەکانی "حەسەن ڕووحانیـ"ـدا و واژۆی بەرجام و ئاژاوەی قووڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و... قەیران لە دوای قەیران، کۆمەڵگای لە قوناغی شێرپەنجەدا ڕاگرتووە و هەموو کات کۆمەڵگای ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی لە حاڵەتی خرۆشان و ڕاپەڕینی گشتیدا بوونە، بۆ شۆڕش و ڕاماڵینی سەرەڕۆیی نیزامی ئاخوندیی.

نیزامێک کە دەرد و ژانە بچووک و گەورەکان نەناسێت و کارناسانە هەنگاویان بۆ هەڵنەهێنێتەوە و ڕێگەچارەی گونجاو و لەبار بۆ چارەسەریان نەدۆزێتەوە، مەحکووم بە فەوتان و لەنێوچوونە. کۆماری ئاخوندیی یەکێک لەو سیستمانەیە.

:heavy_minus_sign::heavy_minus_sign::heavy_minus_sign::heavy_minus_sign:
*

۱-  مرحلەی بهبود
۲-  مرحلەی اصلاح
۳-  مرحلەی تحول
٤-  مرحلەی افق گشایی
٥-  مرحلەی اضمحلال و مرگ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.