کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆڕینی ناوی گوند و ناوچەکان لە لایەن ڕێژیمەوە دەست پێدەکاتەوە

17:55 - 27 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی سیاسەتی نکۆڵی و سڕینەوەی نەتەوکانی ئیران،  ناوی چەند شار و ناوچەی کوردستانی پارێزگای ورمێ گۆڕی.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، "مەحموود ئەردەبیلی" بەرپرسی گشتی سیاسیی ئیدارەی هەڵبژاردن و دابەشکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای ورمێ، بەپێی پەسەندکراوێکی هەیئەتی وەزیرانی ڕێژیمی ئێران، نێوی چوار ناوچەی لەو پارێزگایەدا گۆڕی.

ناوبراو وتوویەتی: "بەپێی ئەم پەسندکراوە، لە پارێزگای ورمێ، ناوی شاری "گردکشانە" لە بەشی لاجانی سەر بە پیرانشار کراوە بە "لاجان"، ناوی گوندی "کونە کێچ" ئاواییەکی مەنگوڕایەتی سەر بە بەشی ناوەندیی پیرانشار کراوە بە "سپی سەنگ" و هەروەها ناوی گوندی "ئاغ ئتڵاق" دێهێستانی زەنگبار، بەشی ناوەندیی شارستانی پولدەشت، کراوە بە "ئاغ ئوتڵووق".

هەروەها لەو پێوەندییەدا ئەردەبیلی باسی لە گۆڕینی ناوی گوندی شارەکی بەنداوی ئەرەسی دێهێستانی گەچلوراتی ڕۆژهەڵات بەشی ئەرەس شارەستانی پۆلدەشتی، بۆ شارەکی ئەرەس کرد.

"ئەحمەد کەسرەوی" زانا و لێکۆڵەری ئازەری، لە کتێبێکدا بە نێوی "شەهریارانی گومنام" باس لە گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان لە لایەن حکوومەتگەلێک وەک قاجار، ڕێژیمی پاشایەتی و بە تایبەت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەکات کە بە سیاسەتێکی ئاسمیلەکارانە لە ڕووی مێژوویی و ئاسەوارییەوە و سڕینەوەی نەتەوەکانی ئێران ناوی لێ دەبات.