کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆڤارە فەڕانسەییەکان لە دۆخی ئێران دەدوێن

23:59 - 23 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: گۆڤاری ئابووریی فەڕانسەیی لێزێکۆ، ڕۆژنامەی لیبراسیۆن و ڕۆژنامەی لۆمۆند، لە ٤٠ ساڵەی دەسەڵاتداریەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا به ئاوڕدانەوە لە دۆخی ئێران، کۆتاییهاتن بەم ڕێژیمەیان به خواستی ڕوونی خەڵکی ئێران ناو بردووە.

گۆڤاری لێزێکۆ، بە ئاماژە بەوەی کە تەنیا هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی لە کاتی ئێستادا ، وڵاتی ڕووسیەیە، نووسیویەتی: سیاسەتەکان و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریە، یەمەن و لوبنان جێگای نیگەرانییە، لە حاڵێکدا کە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی ٨١ میلیۆن ئێرانیشی تووشی دۆخێکی نالەبار و نیگەرانی کردووە.

لەم نووسینەدا هاتووە: دوو لەسەر سێی حەشیمەتی ئەمڕۆی ئێران، پاش دامەزرانی کۆماری ئیسلامی لەدایک بوونە و لە دوو ساڵ پێشەوە تاکوو ئێستا، مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی نێو شەقام کە بە ڕاشکاوانە خوازیاری لەنێوچوونی کۆماری ئیسلامین، بووەتە بەشێکی نەگۆڕ لە ژیانی ئەو خەڵکە.

لەم گۆڤارەدا هەروەها هاتووە: پشتکردنی گشتی لە ئیدئۆلۆژیی حکوومەتی ئیسلامی لە ئێراندا قووڵ و بەربڵاوە و هەڵهاتنی مێشکەکان و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانەی ژنان به دژی خۆداپۆشینی زۆرەملێ لە دیارترین نموونەکانی ئەم پشتێکردن لە حکوومەتەن.

لێزێکۆ به ئاوڕدانەوە لە دۆخی ئابووریی ئێران نووسیویەتی: لە سەرەتای دامەزرانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا، داهاتی سەرانه‌ی ئێران ٥٠ لەسەد زۆرتر لە داهاتی سەرانەی کورەی باشوور بوو ، بەڵام ئەمڕۆ داهاتی سەرانەی ئێران شش قات کەمتر لە داهاتی سەرانەی کورەی باشوورە.

ڕۆژنامەی لیبراسیۆنیش، لە زاری ئابووریناسێکی فەڕانسەیییەوە نووسیویەتی: هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام شۆکێکی ئابووریی پڕ لە توندوتیژی بۆ ئێران بوو؛ نرخی گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵی نوێدا گەیشتووەتە مەنفی ٤ لە حاڵێکدا کە پاش واژۆی بەرجام، گەشەی ئابووری ئێران یەکجاری گەیشتە ٤/١٣ لەسەد.

ئەم ڕۆژنامە هەروەها لە زاری ئەم ئابووریناسەوە نووسیویەتی: لە ئاکامی گەمارۆوەکاندا ئێران توانایی هاوردەکردنی کاڵای نەماوە و هیچ کۆمپانیایەکی ئێرانیش ناتوانێت بەبێ هاوردەکردنی مادەی سەرەتایی چالاکییە ئابوورییەکانی خۆی درێژە پێ بدات.

هەروەها ڕۆژنامەی جێێ بڕوای لۆمۆند نووسیویەتی: گەمارۆوەکانی ئامریکا، توانی ئابووریی نەخۆشی ئێران ناسەقامگیر بکات. دابەزینی ٧٠ لەسەدیی نرخی ڕیاڵ، یەکجاری بەشێکی زۆر لە چینی کرێکارانی ئێرانی تووشی هەژاری کردووە. لۆمۆند هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە به قووڵبوونەوەی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، ئاخوندەکانیش تێدەکۆشن زۆرتر خۆیان لە حکوومەت دوور بخەنەوە و پێش به دەستێوەردانەکانی دەوڵەت لە کاروباری خۆیاندا بگرن.