کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆکتەپە شارێک کە ڕەنگی شار نادات

12:18 - 14 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: نەبوونی پێداویستی و کەمتەرخەمیی ڕێژیم لە شاری گۆکتەپە ناڕەزایەتیی خەڵکەکەی بەدواوە بووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری کوردستان میدیا، زیاتر لە ٧٠٠ ڕۆژ لە بە شارناسینی شاری گۆکتەپە و زیاتر لە ٦٠٠ ڕۆژیش لە دانانی شارەداری بۆ ئەو شارە تێپەڕ دەبێت، بەڵام هەتا ئێستاش ڕێژیم هیچ ئاوڕێکی کردەیی لە دۆخی ئەو شارە نەداوەتەوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا، لە شاری گۆکتەپە لەو بارەوە دەڵێت: گۆکتەپە شارێکی سووتاوە و ئەو بڕە بوودجە کەمەی کە پێی دەدرێت ناتوانێت سیمای وەکوو شار پیشان بدات.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا، باس لە نیوەچڵبوونی دانشگای "پەیام نوور" و "خوێندنگای ناوەندیـ"ـی ئەو شارە کراوە، کە بڕیار بووە یەکساڵ پێش تەواو بکرێت، بەڵام هەتا ئێستاش خوێندکاریان بە خۆیانەوە نەبینیوە.

تەنانەت خوێندنگای شەوانە ـ ڕۆژیی ئەو شارە، بەرەو ڕووخان دەڕوات و هیچ بەرپرسێک لە ئاست نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنانەدا، هەنگاو هەڵ ناگرێت.

لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا، ڕێژیم بە مەبەستی هەرچی زیاتر پێشگرتن بە خوێندن و گەشەی زانست، خویندنگا و زانستگاکان دەخاتە پەراوێزەوە و هەتا داڕمان و لەنێوچوونیان هیچ هەوڵێک نادات و پاش داڕمانیش هیچ هەنگاوێک بۆ نۆژەنکردنەوەیان هەڵ ناگرێت.