کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیاڕەنگ خەباتگێڕێکی نیشتمانی میوانه

21:48 - 1 رەزبەر 2720

پێشمەرگەی ڕۆژانی سەخت و شۆڕشگێڕێکی ناو مەیدانی خەبات، سەنگەری خۆڕاگریی بە هاوڕێیانی ئەسپارد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۱ی ڕەزبەڕی ۱۳۹۹ی هەتاوی کاک "ئەحمەد سەنبولی" ناسراو بە "مام قەوەت" کوڕی محەممەد، خەڵکی گوندی "نەڵاس" سەر بە شاری سەردەشت داوی تەمەنێک ژیانی سەربەرزانه ماڵاوایی لە حیزب و گەل کرد.

کاک ئەحمەدی قارەمان ساڵی ۱۳۳٤ی هەتاوی لە گوندی نەڵاس لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ لەدایک بووه.

ناوبراو لە منداڵییەوه لەگەڵ بنەماڵەکەی سەرقاڵی کاری وەرزێڕی بووه. دواتر کە خاکی کوردستان دەکەوێتە بەر هێرشی ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دواتریش چەکی شەڕەف بۆ بەرگریی لە نیشتمانەکەی لە شان دەکات.

کاک ئەحمەد دواتر کە پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبێت لە ساڵەکانی ٦۳ هەتا ۷۲ی هەتاوی لە کۆمیتە شارستانی سەردەشت سازمان دەدرێت.

ناوبراو دواتر لە دەفتەری پێوەندییەکانی سلێمانی و هەولێر سازمان دەدرێت و ئەرکی پێ دەسپێردرێت.

کاک ئەحمەد بەهۆی ئەوەیکە خاوەن نەزم و دیسیپلینی تایبەت دەبێ و کارەکانی بە باشی بەڕێوە دەبات لەلایەن کۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامی ئەو کاتی حیزبی دێموکرات بە نووسراوه تەشویق دەکرێت.

ئەو پێشمەرگه خۆڕاگره هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی شەهیدانی کورد و کوردستان دەمێنێتەوە و هەمیشه بۆ ئامانجەکەی تێکۆشاوه.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بە خەمی لەدەستدانی ئەو پێشمەرگە شۆڕشگێڕه سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.

ڕێگای پڕ ڕێبوار بێت.