کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیرانتان نیشانەی بەرحەقبوونی ڕێگاتانە

17:24 - 26 جۆزەردان 2722

شەماڵ تەرغیبی

لەپاش دەسبەسەرکرانی مامۆستا محەممەدڕەزا مورادی ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سنە و کەڵاتەرزان لە ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی جۆزەردان، ئێوارەی دوێنێ ٢٥ی جۆزەردان هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەکرێگیراوانی ئەم ڕێژیمە لە شارەکانی سەقز و  دیواندەرە، جیا لە تەلەفوونکردن و هەڕەشە لە چالاکانی سینفیی مامۆستایان، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دەیان مامۆستای قوتابخانەکانی ئەم شارانە، کە لە ئەنجامدا چەندین کەسیان گیران و ڕاپێچی گرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردن کە بریتی بوون لە مامۆستایان سلێمان عەبدی، خالید عەبدوڵاهی، محەممەد فەتاحی، سەلاح سۆرخی، ئەحمەد قادری، خالید شێخی، ئەنوەر فەرەجزادە، سەلاح حسەینی، کەیوان ئەحمەدی، حسەین محەممەدی، ئیسماعیل ڕەیحانی، زاهید مورادی، ئامانج ئەمینی، خاتوو ئاوات ڕەزەوی و تاهیر حامیدی، تاهیر قادرزاده، مەرزیه تەڵایی و فاتێح غەفاری، عەزیز مەرزی، لوقمان ئەڵڵامورادی لە سەقز و ئومید شاموحەممەدی، عوسمان ڕەزایی، هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە لە دیواندەرە. هەر لە درێژەی ئەم سەرکوتکارییانەشدا ئەمڕۆ ئارام قادری، تەحسین مستەفایی و سەیوان سلێمانی لە مامۆستایانی دیاری مەریوان و غەیاس نێعمەتی و سەلاح حاجی میرزایی ئەندامانی هەیئەتی بەرێوەبەریی ئەنجومەنی سینفی مامۆستایانی کوردستان – سنە و کەڵاتەرانیان دەسبەسەر کرد.

کردارە لیوانلێو لە ترس و خۆفەکانی ڕێژیم بەوەندەش کۆتایی نەهاتووە و بەپێی دوایین زانیارییەکان ئەمڕۆ لە بەردەم زۆرێک لە ئیدارەکانی بارهێنان و پەروەردەدا، ڕێژیم لیباس شەخسی و چەکدارە سەرکوتکەرەکانی مۆڵ دابوو و هەوڵی دەدا ڕێگری لە کۆبوونەوەی مامۆستایان بگرێت و هەر مامۆستایەکیش لە شوێنی کۆبوونەوەکە نیزیک ببوایەتەوە کارتی پێناسەکەی لێ وەردەگیرا بەڵام بەو حاڵەشەوە دیتمان کە مامۆستایان بوێرانە و نەترسانە هاتنە سەر شەقام و دروشمی خۆیان ڕوو لە زۆرداران وتەوە و هاوکار و هاوڕێ دەسبەسەرکراوەکانیان بەتەنیا جێ نەهێشت.

گرتن و هەڕەشەکردن لەم مامۆستایانە لەکاتێکدایە کە شۆرای هاواهەنگی ڕێکخراوە سینفییەکانی ئێران لە درێژەی هەوڵەکانی بۆ دەستەبەرکردنی ماف و خواستە زەوتکراوەکانی مامۆستایان داوای کردبوو کە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردان لە بەردەم ئیدارەی گشتی پەروەردە و بارهێنانی شارەکان، لەپێوەندی لەگەڵ جێبەجێنەکردنی وادە و بەڵێنییەکانی بەرپرسانی رێژیم و ئەستاندنی مافە لێئەستێندراوەکانیان و هەروەها داکۆکی لە هاوکارە دەسبەسەرکراوەکانیان کە تۆمەتی بێبنەمای سیخوڕیکردن بۆ بێگانەیان خراوەتە پاڵ، مانگرتن و کۆبونەوەی ئێعترازی بەڕێوە ببەن.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەسبەسەرکرانی نوێی مامۆستایانیش هەمان ڕێکخراو لە ئاگادارییەکدا و وەک دژکردەوە بەم کردارە هیستیریایەی ڕێژیم ڕایگەیاند: "ئەم جۆرە کردارانە نەتەنیا ناتوانێ خەسار وە بزووتنەوەی زیندووی مامۆستایان بگەیەنێ و هیچ دڕدۆنگی و خەمساردییەک لە ئیرادەی پۆڵایینی مامۆستایان لە ڕێگای گەیشتن بە خواستەکانیان ساز ناکات بەڵکوو مامۆستایان پتەوتر، قایمتر و بەبڕشتتر و بە دڵنیاییەکی زیاترەوە درێژە بە ڕێگاکەیان دەدەن. لە بەشێکی تری ئەم ڕاگەیەندراوەشدا هاتووە: ئێمە ئێستە خاوەنی ئەرکێکی دووهەمین؛ ئەویش ئەوەیە کە جێگەی بەتاڵی هاوکارە دەسبەسەرکراوەکانمان پڕ بکەینەوە".

هەر لەم چوارچێوەیەدا و بەمەبەستی بەتەنیانەهێشتنەوەی مامۆستایانی دەسبەسەرکراو، ئاگادارییەک لەلایەن کۆمەڵێک لە خوێندکار و قوتابیانی قوتابخانەکانی شاری سەقز بڵاو کرایەوە کە تێیدا هاتووە: "بە ئاگاداری هەموو خوێندکارانی قوتابخانەکانی شاری سەقز و سەرجەم شارەکانی ئێران و کوردستان ڕادەگەیەنین کە بۆ ئازادی مامۆستایانی بەندکراو لە ڕۆژی شەممەوە دێینە سەر شەقام و ڕێپێوان ڕێک دەخەین و هەتا ڕزگاری مامۆستایانمان هەدا نادەین". داواش کراوە لە سەرجەم مامۆستا و قوتابییان و خەڵکی کوردستان بەگشتی کە بەشداری ئەم ناڕەزایەتیدەربڕین و ڕێپێوانانە ببن.

لەئاستی جیهانیشدا پرسی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان لە ئێران و کرداری هیستریایی ڕێژیم و سەرکوتی خوێناوییان دەنگدانەوەی خۆی هەبووە؛ ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان کارناسانی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوانەش جاوید ڕەحمان، لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانی خۆیان لە سەرکوتی سیستماتیکی بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران دەربڕیوە و وتوویانە: "ئێمە لە دەسبەسەرکردنی خۆسەرانەی مامۆستایان، چالاکانی کرێکاری، ڕێبەری یەکیەتییە پیشەییەکان و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران نیگەرانین."

کۆی ئەم پرسانە دەرخەری ئەو کەتوار و ڕاستییە نکۆڵی‌لێنەکراوەن کە بزووتنەوە یان بزاڤی مامۆستایان کە بەشێکی جیانەکراوە و گرینگی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە بزاڤێکی ڕەوا و بەرحەقە کە وادەکات ڕێژیمی زاڵ وەها بە شڵەژاوی ڕووبەڕوویان ببێتەوە و چالاکانی ئەم بوارە بگرێ، لە زیندانیان بخات، حوکمی ناڕەوایان بەسەردا بسەپێنێ و هەوڵی چاوترسێن‌کردنیان بدات.

زۆر جاری تریش وتراوە و پێویستە کە دووبارە پێداگری لەسەر بکرێتەوە کە ترسی کۆماری ئیسلامی لە مانگرتنی مامۆستایان لەڕاستیدا بۆ ئەو دەور و نەخش و شوێندانەرییە دەگەڕێتەوە کە مامۆستایان لەسەر کۆمەڵگا بەگشتی هەیانە؛ لەلایەکەوە مامۆستایان نوێنەرایەتی تەواوی ئەو کەسانە دەکەن کە مووچەخۆری حکومەتن بە خانەنشینکراوانیشەوە، لەلایەکی ترەوە ئاڵقەی پێوەندی نێوان چینی کەمداهات و هەژاری کۆمەڵگا و چینە خۆشبژیوەکانن، بە دیوێکی تریدا نوێنەری چینی مامناوەندی کۆمەڵگان و بەو هۆیەوە دەتوانن خاڵی پێکەوەگرێدەری هەموو خەباتکارانی ئازادی بن. ئیتر باسکردن لە کاریگەرییان لەسەر باقی بزاڤەکانی وەک ژنان و ژینگەپارێزان و کرێکاران و کەمینە ئایینییەکان و هەروەها پێوەندیدەربوونی نەسڵی نوێ و نەسڵی پێشوویش جێگەی خۆی هەیە کە سێبەری مامۆستایان هەمیشە بەسەریانەوە بووە و هەیە؛ کەواتە دیسانەوە دەیڵێینەوە کە گیرانی مامۆستایان نیشانەی بەرحەقبوونی ڕێگاکەیانە و ئەرکی ئەخلاقی هەموو لایەکە کە پشتگیری و پشتیوانییان لێ بکەن.