کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیرفانی خەڵک بەتاڵتر دەبێت

10:32 - 30 رەزبەر 2720

دۆخی ئابووری لە کوردستان و ئێران زۆر خراپە و لە هەمان کاتدا بەرهەمەکانی خەڵک لەلایەن ڕێژیمەوە ئەرزانتر دەکڕدرێتەوە.

ئەمساڵ ڕێژیمی ئێران گەنمی لە وەرزێڕەکان هەڵگرتووەتەوە بە کیلۆیەک ٢ هەزار و ٥٠٠ تمەن، بەڵام ئێستا تۆوی پێداونەتەوە بە کیلۆیەک ٤ هەزار و ٥٠٠ تمەن.

لەو قەیرانەدا پیشەی ئاژەڵداری زۆرترین زەربەی بەر کەوتووە. کیلۆیەک کای گەنم بە ٢ هەزار تمەنه. لە حاڵێکدا ڕێژیم کیلۆیەک شیر لە خەڵک دەکڕێتەوە بە ٢ هەزار و ٢٠٠ تمەن؛ بەڵام لیترێک شیری پاستوڕێزە بە ١٠ هەزار تمەنە.

گرانبوونی تفاق و پێداویستیی ئاژەڵداران کارێکی کردووە کە زۆربەی ئاژەڵداران ئاژەڵەکانیان لەوە زیاتر پێ ڕاناگیرێت و لە بازاڕیشدا بۆیان نافرۆشرێت.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن، ئەگەری هەیە لەم زستانەدا ئێران لەگەڵ قەیرانی خواردەمەنیش بەرەوڕوو ببێتەوە.

پووتێک ڕۆنی ١٧ کیلۆیی بووەتە ٤٥٠ هەزار تمەن، لە حاڵێکدا ساڵی ڕابردوو بە سەد هەزار تمەن بووه. هەروەها شانەیەک هێلکە بووەتە ٤٠ هەزار تمەن.

بەشێکی وەرزێڕەکان لە ناوچەکانی چۆمی مەجیدخان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کوود و پێداویستیی کشتوکاڵ، گرانبوونی حەقدەست و پشتیوانی نەکردنی ڕێژیم لە وەرزێڕان، بووەتە هۆی ئەوەی وەرزێڕەکان خۆیان زەوی و زارەکەیان نەکێڵن.