کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیرۆدەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان لە سنە، وەیلان و بێسەرپەنان

19:08 - 10 خەرمانان 2720

گیرۆدەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان لە سنە و شوێنە گشتییەکانی ئەو شارەدا بە کۆمەڵ خەریکی بە کارهێنانی ماددەی هۆشبەرن و هیچ ئۆرگان و ئیدارەیەکی ڕێژیم لەوبارەیەوە هەوڵێکی نەداوە.

هاووڵاتییان لە سنە بەنیسبەت ئەم دۆخە ناڕزایەتییان دەربڕیوە و باس لەوە دەکەن کە گیرۆدەبووان بە ماددە سڕکەرەکان لە کاتی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە مەیدانە سەرەکییەکانی سنەدا بەبێ ماسک دەسووڕێنەوە.

هەروەها هاووڵاتییان دەڵین: "لەنێو گیرودەبووان، ژنانیش وەبەرچاو دەکەون و شکانی تابۆی ئێعتییاد لەنێو کۆمەڵگادا خەسارێکی قەرەبوونەکراوی بەدواوە دەبێت".

گرفتی بێسەرپەنایی و کەمپێک بۆ تووشبووانی ماددە هۆشبەرەکان لێکەوتە و زیانی زۆری کۆمەڵایەتیی بەدواوەیە. لە ئێستادا کە خەڵک لە بارودۆخی خراپی ژیاندان و بێکاری باڵی بەسەر کوردستاندا کێشاوە، مەترسیی تووشبوونی زیاتری خەڵک و شوێندانەریی خراپی لەسەر ڕۆح و دەروونی خەڵکی بە دواوەوەیە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن کە بەتەواوەتی دژی قاچاخی ماددەی هۆشبەرن و لە هەوڵدان بنبڕی بکەن، بەڵام ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ئەم دیاردەیە لە کوردستان و ئێران پەرە دەستێنێت، هەروەها دەست و پەیوەندییەکانی ڕێژیم لە بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەردا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن.