کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەرما و نەبوونی ئاو، قەیرانی نوێی بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان

13:05 - 20 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بە هاتنی وەرزی گەرما و کەمئاوی، قەیرانێکی دیکە بەرۆکی لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشانی گرتەوە.

بەپێی هەواڵە گەیشتووەکان بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، زیاتر لە ١٠ ڕۆژە کە پلەی گەرما لە ناوچەکانی سەرپێل و قەسرشیرین بە ٤٥ پلەگەیشتووە و لێقەوماوانی بوومەلەرزە لەو ناوچانە، لەنێو کانێکسەکان و لەژێر خێوەتەکان لە بارودۆخێکی نالەباردان.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەو ناوچانە، بە هۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و کەرەستە فێنککەرەوەکان، بەتایبەت لەنێو کانێکسەکان تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و لە لایەکی دیکەشەوە بەپێی هۆشداری پزیشکان و چالاکانی تەندروستی، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئێپیدمی نەخۆشییەکان لەو ناوچانەی خێراتر بووە و گیانی خەڵک لە مەترسیدایە.

سەرەڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و ئەستەمبوونی ژیان، نەبوونی ئاو و کەمئاوی، ئاستی ئەو قەیرانەی چەند قات کردووەتەوە و دەیان گوند بە هۆی شکانی لوولە ئاوەکان لە کاتی بوومەلەرزەکە و چاک نەکردنی هەتا ئێستە، لە ئاوی خاوینی لوولەکێشی بێبەشن.

سەدان بنەماڵە و دەیان گوند لە ئاوی خواردنەوە و لوولەکێشی لەو ناوچانە بێبەشن و سەرەڕای ئەوەی کە بێئاوی کاریگەریی لەسەر ژیان و بێهداشت لەو ناوچانە داناوە، کاریگەریشی لەسەر بیناسازی و نۆژەنکردنەوە هەبووە.

لە گوندەکانی: دەستێک، بازگیر، کوئیک، سەراوڵە، کەلینە، قەڵا بەهادووری و...هتد، نەبوونی ئاو بووەتە هۆی ئەوەی کە بیناسازی لەو ناوچانە ڕابگیردرێت و خەڵک بۆ نۆژەنکردنەوەی ماڵەکانیان ناچارن لە بتوونی ئامادە کەڵک وەربگرن، کە ئەویش تێچوویەکی زۆری بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە هەڵ دەگرێت.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە کاتی ڕوودانی کارەساتەکە، بەڵێنیان دا کە پێش هاتنی وەرزی سەرما، خەڵک لە شوێنە کاتییەکان و ماڵەکانی خۆیان جێگر دەبن، بەڵام نەک نۆژەنکردنەوە دەستی پێ نەکرا، بەڵکوو لە درێژەی وەرزی سەرما، خەڵکی ئەو ناوچانە ئەستەمترین ژیانیان تێپەڕ کرد.

هەروەها پێش هاتنی وەرزی گەرمایش، دیسان بەڵێنیان دا، کە کێشەکان چارەسەر دەکەن و خەڵک دەچنە نێو ماڵەکانی خۆیان، بەڵام هێشتا لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، ئاوارە و دەربەدەرن و لەنێو ماڵی خۆیان جێگیر نەبوونە و نالەبارترین ژیانیان هەیە و بڵاوبوونی نەخۆشییەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گیانی ئەو خەڵکە دەستێنێت.