کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەلۆ ئەم هەڵبژاردنە شایانی بەشداریکردنە

18:40 - 9 جۆزەردان 2721

عەلی سۆرانی

دوای نزیک بە ٤٤ ساڵ دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێشتا کەسانێکی نەک ساویلکە بگرە مۆرە، بەداخەوە باس لە بەشداریی خەڵک لە بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئاخووندی دەکەن.

ڕاستە ڕێژیم لەڕێگەی مۆرەکانیەوە هەوڵ دەدات خەڵک بۆ بەر کامێراکان ڕاکێشێ و نەک هەڵبژاردن، بەڵکوو مەبەستی خۆی بۆ خۆنواندن بۆ میدیا ڕۆژئاواییەکان بپێکێ. هەرچەند لام وایە ئەمجارە زۆربەی خەڵک شەرم دەکەن بەشداریی ئەم بەزمەی ڕێژیم و مۆرەکانی بکەن. ئەمەش لەلای دیکتاتۆر هەر گرینگ نییە. دیکتاتۆر بەردەوام کۆمەڵێ شڕەخۆری هەیە کە ڕاکێشی سەر سندووقەکانی دەنگدانیان دەکات و دیکۆمێنتی خۆی لێ هەڵدەگرێ. وەلەو زۆربەی دیکتاتۆرەکان بڕواشیان بە هەندێ دێکۆمێنت نییە گەر لە قازانجیاندا نەبێ.

ئێستا لەم بەرجەوەنەدا کێن ئەوانەی دەیانهەوێ گۆڕانکاری درووست بکەن؟ هەموو پاڵێوراوەکانی ئەم خولەی سەرکۆماری خۆیان بەشێکی بنەڕەتی لە گرفت و قەیرانە مەزنەکانن کە ئێستا بەرۆکی جوگرافیای سیاسیی ئێرانی گرتووەتەوە.

دواتر کێن ئەوانەی بانگەشە بۆ ئەم پالێوراوانە دەکەن؟ ئەوانەی کە ساڵانی ساڵە، لەگەڵ ڕێژیمدا دەستیان لە کاسەیەکدایە و ئەمە نە تۆمەت و ناتۆرەیە بەڵکوو مۆرکێکە بە نێوچاوانیانەوە.

جگە لەم دوو گرووپە، کەسانێکیش هەن بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکەن، هەرچەند مەزندە دەکرێت ڕێژەی بەشداری لە خوارەوە بێ، بەڵام لە ئەنجامدا کۆمەڵێ خەڵک هەر بەشداری دەکەن و ئەمانە گەر هەمووشیان سیالەشکری ڕێژیم نەبن، کۆمەڵێ خەڵکی هەژار و نەخوێندەوارن کە لەبەر بژێویی ژیانیان مێشکیان بە سەربەخۆیی ناتوانێ بڕیار بدات.

بەڵام کارەسات لەمەدایە هەندێ کەسانی بەناو ڕووناکبیر لەم کەشەی ڕێژیمیشدا هەر باسی هەڵبژاردن و بەشداری خەڵک دەکەن.

گەر توێژە سیالەشکر و نەخوێندەوارەکە لەباری ئابوورییەوە هەژارن، ئەم تاقمە هەم لەباری فکری و فەرهەنگی هەژارن و هەمیش نانیان لە تەنووری ڕێژیمدایە، ئەگینا ئەم ڕووناکبیرانە بۆ قەبارەی ڕێژیم و مانیفێستی دواکەوتووی ئەم حکوومەتە بۆ تاوێک لە پێش چاوی خۆیان وێنا ناکەن؟

ئێران وڵاتانی پێبەندی بنەما دێموکراتیکەکانی ئاڵوگۆڕی سیاسی و حیزبی نییە، ئاڵمان یان فەرانسە نییە کە لەبەر سووکە گەندەڵییەک سەرۆکی مەزن و سەرکۆمارێکی لێپێچینەوەیان لێ بکرێت و تەنانەت وەک "سارکۆزی" لە فەرانسە حوکمی زیندانی بۆ ببڕدرێتەوە. ئێران، دێموکراسیی ڕۆژئاوا نییە - ڕۆژئاواش دێموکراسیی تەواو نییە - دێموکراسییەک نییە دەنگی خەڵک شوێندانەر بێت. قەبارەی ئەو ڕێژیمە لێوانلێوە لە ڕەگەزپەرەستی و ئایینپەرەستی و پێشێلکردنی بنەما و مافە دێموکراتیکەکان.

بۆ کوردێ، بەلووچێ، عەرەبێ، تورکمەنێ، تورکێک با شێعەش بن ناتوانن ببن بە سەرکۆمار. بۆ تەنیا کابرایەکی شێعەی دوازدە ئیمامیی فارس کە ڕەگەزێکی دەبێ لە سەیدەکانی خۆیان بێت بۆی هەیە؟

لەکام بڕگەی سیاسیی ئەم ساڵانەی ڕێژیم، بەشداریی خەڵک بووە بە پاڵنەری ڕووداوی پۆزەتیڤ و شوێندانەر لەسەر کرانەوەی سیاسی؟

ئەمانە هەمووی لەحاڵێکدایە کە دایکانی ئەم تاقمەی کە باسی هەڵبژاردن و بەشداری خەڵکن، لە بازنەی ئەم ڕێژیمەدا کۆیلەیە. لەکوێی قەبارەی ئەم ڕێژیمەدا، ژنی ئازاد و سەربەخۆ دەتوانێ بە ئەسپایی هەناسە بکێشێ؟ ئەم ڕێژیمە لە ناخیەوە دژی ژن و ئافرەتە. دەی چۆن دەتوانی بانگەشە بۆ سیستەمێک بکەی کە نیوەی کۆمەڵگا بە کۆیلەی دەستی پیاو ناو دەبات؟

بۆ زۆربەی ئەو کەسانەی خەڵاتە بەناوبانگەکانی دونیا وەردەگرن ناتوانن لە ئێران بحەسێنەوە و هەندێکیانیش وەک پڕۆفیسۆر "کۆچەر بیرکار" لە ئێرانی بوونیش خۆیان بەری دەکەن؟ ئەوان گەر لە ئێران بمابایەتن هەرگیز خاوەنی مێشکی خۆیان و تواناکانی خۆیان نەدەبوون. یا دەبوا هەڵکەوتووییان لە خزمەتی ڕێژیمدا بوایا، یان چیدی ڕێگایەکی دیکە نەبوو بۆ پێشکەوتن. گەر لە ئێران و هەڵبژاردنەکانی کەشێکی وا بخولقابایە کە کۆمەڵگە هەستی بە بووژانەوە کردبا، ئەودەم هیچ هەڵکەوتەیەکی ئەو جوگرافیایە خاکی خۆی بەجێ نەدەهێشت و بۆ پێشکەوتنی زیاتر پەنای بۆ هەموو ئامراز و کەرەستە دێموکراتیکەکان و یەک لەوان هەڵبژاردن دەبرد.

لە کۆتاییدا ، زۆربەی جەماوەر خۆڕسکانە و لەوانەشە کەسانێک سازماندراوانە بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکەن.

ئەوانەشی کە بوونەتە کەواسووری بەر کەوان، باشتر وایە دیسان لەگەڵ خۆیاندا خەڵوەتێکی ڕوون بکەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.