کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەلی کورد بەدرێژایی مێژوو ژینۆساید کراون

00:40 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: پارێزەرێکی ناسراوی کورد لە وتارێکدا لەژێر ناوی "کوردەکان و ژینۆساید" باسی لە ڕەوتێکی مێژوویی کردووە کە تێیدا گەلی کورد لە ئێراندا بەشیوەیەکی سیستماتیک ژینۆساید کراون و لەمبارەشەوە قامکی لەسەر ڕووداوێکی تاڵی مێژوویی داناوە کە لەسەردەمی شاعەباسی سەفەوی ڕووی داوە.

"ساڵح نیک بەخت" یەکێک لە پارێزەرانی ناسراوی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە پەروەندەی بەشێک لە زیندانیانی سیاسی کوردی لە ئەستۆیە، لە وتارێکدا کە لە کاناڵی تێلێگرامی خۆی بلاوی کردۆتەوە باسی لەوە کردووە کە کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە ماوەی ساڵانی ١٠١٩ هەتا ١٠٢٠ی کۆچی مانگی لەلایەن قزڵباشەکان و بە دەستووری شاعەباسی سەفەوی بە دڕندانەترین شێوە کۆمەڵکوژ کراون.

نیک بەخت لەو وتارەدا بە پشتبەستن بە نووسراوەی مێژوونووسانی خودی شاعەباس لەوانەش ئەسکەندەر بیک مۆنشی، مێژوونووسی تایبەتی شاعەباس و مەلاجەلال مونەجیم و میرزا بەیگ جۆنەیدی، باسی لە ژینۆسایدی کوردەکان کردووە و لە چەندین شوێندا باسی لەوە کردووە کە قوبادخان سەرۆکی ئیلی موکری لە میوانییەکدا بە دەستووری شاعەباس کوژراوە.

لەو بارەیەوە، مەلاجەلال مێژوونووسی شاعەباسی سەفەوی نووسیویەتی: "بە بڕیاری شا، قزڵباشەکان لە هەر شوێنێک کوردێکیان دەدیت وەک مریشکێک سەریان دەبڕی".

هاوکات شاعەباس بەو کوشت و بڕینه ڕازی نەبووە و بڕیاری داوە کە هێرش بکەنە سەر ماڵ و حاڵی کوردەکان و سەرجەم لاوان و پیاوان بکوژن.

مێژووی ئەو کەسانە دەرخەری ئەوەیە کە دوای ئەو قەتڵی عامە جێژنی سەرکەوتنیان گرتووە.

نووسینی ئەو وتارە بەپێی بەڵگە مێژووییەکان دەرخەری ئەوەیە کە نەتەوەی کورد لە کوردستان هەمیشە لەژێر هەڕەشەی سڕینەوەدا بووە کە ڕەنگە بتوانین بڵێین فەتوای بەدناوی خومەینی لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لە دژی نەتەوەی کورد درێژەدانێک بووە بە هەمان ڕێچکە؛ ڕێچکەیەک کە هەنووکەش بەشێوازێکی دیکە لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوامە.