کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەلی کورد دەبێ بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوایەتی تێبکۆشێ

11:16 - 4 جۆزەردان 2722

ئاویەر

بە پێچەوانەی خەڵکی ناوەند و زۆر لە بەشەکانی دیکە لە ئێراندا کە بە هۆی گرانی و دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر دەڕژێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەڕدەبرن و بەدوای گۆڕینی بنەڕەتیی دەسەڵات دەکەون، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم دۆخە جیاوازە و جودا لەو کێشانە ستەمێکی نەتەوایەتی بوونی هەیە کە لە لایەن ناوەندەوە بەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاوە.

بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو ئەو ستەمانەی دیکە وەکوو دواکەوتوویی پێشەسازی، کۆڵبەری، نەبوونی هەلی بەرابەری کار و ..... لە ستەمی نەتەوایەتییەوە سەرچاوە دەگرن، ستەمێک کە لە لایەن ناوەندەوە و بە زۆرەملێ بەسەر گەلی کورددا سەپاوە.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنانەت پێش قەیرانی ئابووری و هەڵاوسان، دۆخێکی لە ئێستا باشتری نەبوو و هیچ جۆرە پێشکەوتنێکی پیشەیی بە خۆیەوە نەدیوە، ئەو بابەتە بووەتە هۆی ئەوەی کە لاوی کورد بۆ بژێوی ژیان لە ڕووی  ناچارییەوە یان ڕوو بکاتە کۆڵبەری یان هەندەران؛ بە پێی ئامارەکان ڕێژەی بێکاری لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نیسبەت بەشەکانی دیکەی ئێران چەند قات بەرزترە و کوردستان هیچ جۆرە پێشکەوتنێکی پیشەیی و سەنعەتیی  بە خۆیەوە نەدیوە .

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەبێ پێوەست بەو ناڕەزایەتیانەوە بێ ؟

دیارە ڕوانگەی ناوەند بەنیسبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوانگەیەکی داگیرکەرانەیە و هەر بەو هۆیەوە وەکوو وڵاتێکی داگیرکراو هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکا، هەر ئەوەیە کە سیاسەتی تاڵانی ژێرخانە ئابوورییەکان و داپڵۆسین ڕەچاو دەکا و وەکوو  کۆیلە هەڵسەوکەوت لەگەڵ خەڵکی کورد دەکا، ئەو سیاسەت و تێڕوانینە تەنیا تایبەت بە کۆماری ئیسلامی نییە و حکوومەتی پێشووش ئەو ڕوانگەیەی هەبوو، دیارە بۆچوون و ڕوانگەی هەموو ناوەندنشینەکان بە هەر بیر و باوەڕێکەوە کە هەبێ بەنیسبەت کوردستان ڕوانگەیەکی داگیرکارانەیە، هەر لەم ڕوویەوە ناتوانین چاوەڕوانیی ئەوەمان هەبێ کە ئاڵوگۆڕ بە تەنیا  لە ناوەند دەبێتە هۆی دەستەبەر بوونی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان.

گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ هاوتەریب لەگەڵ دروشم بۆ نەمانی دیکتاتۆری و پێداگری بۆ دەستەبەربوونی دێمۆکراسی، خەبات بۆ  مافی نەتەوایەتی و ڕزگاربوون لەو ژێردەستییە بکا.

لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک لە ناوەند بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوایەتی لە کوردستان لە ڕاستیدا هیچ شتێک لە کوردستاندا ناگۆڕدرێ و تەنیا دەسکەوتەکە بۆ ناوەندنشینان دەبی و ژێردەستیی کورد و تاڵانکردنی ڕۆژهەڵات لە لایەن ناوەندەوە  هەر وەک پێشوو درێژەی دەبێ، کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەربازبوون لەو دۆخە پێش هەموو شتێک دەبێ ئەو ستەمە نەتەوایەتییە  لە سەر خۆی وەلانێ چون بەبێ لاچوونی ستەمی نەتەوایەتی هیچ یەک لە کێشە و گرفتەکانی دیکە لە کوردستاندا چارەسەر ناکرێن.

دەرباز بوون و دەرچوون لەو دۆخە خەباتێکی هەمەلایەنە و فرە ڕەهەندی دەوێ کە دەبێ تاک بە تاکی کۆمەڵگا بەرپرسیارانە لە پێناویدا هەنگاو هەڵێننەوە؛ هەر لەم ڕووەوە بوو کە حیزبی دێموکرات بە خوێندنەوەی درووست و واقعبینانەی کۆمەڵگا و فاکتەرەکانی کاریگەر لە سەر دۆخی هەنووکەیی لە ساڵی ٩٥ی هەتاویدا خەباتێکی فرەڕەهەندی دەست پێ کرد و ناوی راسانی لە سەر دانا. لە دیسکۆرسی راساندا، هەر وەک چۆن پێشتر باس کرا، خەباتێکی هەمەلایەنە و فرەڕەهەند دەستی پێکرد تاکوو هەر تاکێکی کۆمەڵگا لە بەانبەر دۆخی هەنووکەییدا خۆی بە بەرپرسیار بزانێت و لە جێگای خۆیەوە و بەپێی ئیمکانات و دەرفەت هەنگاو بۆ ڕزگاری هەڵ بگرێت.

ئەوەی کە ئێستا لە کوردستاندا دەبیندرێت بە ڕاشکاوی بەرهەمی ئەو خەباتە نوێیەیە کە حیزبی دێموکرات یەکەمین هەنگاوی بۆ هەڵگرت و هەر تاکێک ئێستا بەنیسبەت دۆخی نالەباری ژیان و کۆمەڵگا دێتە سەرشەقام و داوای مافەکانی دەکات.

کوردستان بە درێژایی مێژووی خۆی و لە سەردەمی هەر دەسەڵاتێکدا، ژێرچەپۆکەی داگیرکەران بووە و بێگومان ئەمەش لە هۆکارە سەرکییەکانی دواکەوتوو مانەوەی لە بواری پیشەسازی و پێشکەوتنە نوێیەکانی جیهانی ئەمڕۆیە، بەلام ئەم کەتوارە نابێ لە بیر بکرێت کە سەرەرای هەموو هەوڵەکان بۆ ژێرچەپۆکەهێشتنەوە و دواکەوتوومانەوەی کوردستان لە لایەن داگیرکەرانەوە، کوردستان هەر پێوەیە ، راستە گەلی کورد لەم بەشي لە کوردستاندا نرخی زۆریان داوە و قوربانی زۆریشیان لێ کەوتووەوە بەلام لە ڕاستیدا کوردستان هەر بەپێوەیە و تێکۆشەرانی ئەم خاکە پیرۆزەش چ لە شار و چ لە شاخ بەردەوام لە هەوڵدان تاکوو بتوانن ڕزگاریی بۆ مسۆگەر بکەن و ڕۆژێک لە ڕۆژان ئاڵای پیرۆزی کوردستانی تێدا هەڵبکەن.