کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆوە نوێیەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران ڕاگەیەندرا

12:53 - 21 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە وڵامی هێرشی مووشەکیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بۆ سەر بنکە نیزامییەکانی وڵاتەکەی لە عێراق، ١٧ گەمارۆی دژی "پۆڵا و ئاسنـ"ـی ئێران و هەروەها ٨ کەسی نزیک لە ڕێبەری ڕێژیم ڕاگەیاند.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ڕۆژی هەینی، ٢٠ی بەفرانبار، لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاند، ئیدارەی چاوەدێریی داراییە دەرەکییەکانی ئەو وەزارەتخانەیە ناسراو بە "ئۆفێک"، ٨ بەرپرسی باڵای ڕێژیمی ئێران و هەروەها، ١٧ کارخانەی بەکۆی بەرهەمهێنانی پۆڵا و ئاسنی خستە لیستی گەمارۆکانەوە.

ئەو شیرکەتانەی کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا گەمارۆی لەسەر داناوە، بەشێکیان بریتییە لە: "١٧ کارخانەی بەکۆی بەرهەمهێنانی پۆڵا، ئالمینیۆم، مس و ئاسن لە ئێراندا، تۆڕێکی پەیوەندیی لەگەڵ ئەو شیرکەتانە، کە بریتییە لە ٣ شیرکەتی سەربەخۆ لە چین و سیشێل و کەشتییەک" کە بە میلیارد دۆلار داهاتی بۆ ڕێژیمی ئێران دەبوو.

هەروەها ئەو ٨ کاربەدەستە باڵایەی ڕێژیمی ئێران کە گەمارۆیان لەسەر دانراوە بریتین لە:

- "عەلی شەمخانی"، بەرپرسی شۆرای باڵای تەناهیی نەتەوەیی ڕێژیمی ئێران.

- "محەممەد ڕەزا ئاشتییانی"، جێگری بەرپرسی گشتیی ستادی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران.

- "غوڵامڕەزا سلێمانی"، فەرماندەی بەسیج.

- "موحسن ڕەزایی"، بەرپرسی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران.

- "محەممەد ڕەزا نەقدی" کە لە ساڵی ٢٠٠٩ـەوە وەک جێگری هاوئاهەنگیکاری سپا لەلایەن ڕێبەری ڕێژیمەوە هەڵبژێردرا.

- "عەلی عەبدوڵڵاهی"، لە فەرماندە باڵاکانی هێزی چەکداریی ڕێژیم.

- "عەلی ئەسغەر حیجازی"، لە بەرپرسانی باڵای بەیتی ڕێبەریی ڕێژیم لە کاروباری ماڵی.

- "موحسن قومی"، جێگری ڕاوێژکاری کاروباری نێودەوڵەتیی عەلی خامنەیی.

لەو پەیوەندییەدا، "دانڵد ترامپ" سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاند: "من ڕێژیمی ئیران بە دانانی گەمارۆی زیاتر وڵامدەر دەکەم".

هەروەها "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لەوبارەوە وتوویەتی: "گەمارۆکان ناوەندی دەزگای ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئیرانی کردووەتە ئامانج".