کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆوە نەوتییەکان، تەنگی بە ڕێژیمی ئێران هەڵچنیوە

12:13 - 7 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: گەمارۆوە نەوتییەکان، گوشارێکی لەڕادەبەدەری بۆ ڕێژیمی ئێران هێناوە و ڕێژیم بە دوای ئەوەیە کە بتوانێت نەوتەکەی بفرۆشێت.

یەکێک لە بەناو دیپلۆماتەکانی ڕێژیمی ئێران کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە هەواڵدێریی "ڕۆیتێرز"ی وتووە کە کەمترین داوای ڕێژیم ئەوەیە کە بتوانێت نەوتەکەی بفرۆشێت.

ئەو بەرپرسە کە لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش بەسەر دەبات، فرۆشتنی نەوتی بە کەمترین قازانجی ڕێژیمی ئێران لە ڕێکەوتنی ناوکی ناوبردووە، هەروەها باسی لەوە کردووە: "ئێمە چاوەڕوانیمان لە ئورووپاییەکان نییە لە ئێراندا سەرمایەگوزاری بکەن، بەڵام چاوەڕوانیی ئەوەمان هەیە کە نەوت لە ئێمە بکڕن و پارەی نەوتمان پێ بدەن".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران، داوای ئەوەی کردووە کە ڕادەی فرۆشی نەوتی ڕێژیم بۆ پێش لە گەمارۆکانی ئامریکا بگەڕێتەوە.

ڕێژیمی ئێران، لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوودا، پێش لە هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجامدا، نزیک بە ٢.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژدا هەناردە دەکرد، کە ئێستا بۆ کەمتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزیوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٣ی پووشپەڕ، هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە زانیارییەکان لەسەر نەوتکێشەکان و هەروەها سەرچاوەکان لەنێو بازاڕەکانی جیهانی نەوتدا، نیشان دەدەن کە لە ٣ حەوتووی یەکەمی مانگی ژووئەندا، هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران بۆ ژێر٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزیوە.