کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆوە نەوتییەکانی ئێران کردەیی دەکرێنەوە

13:45 - 14 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە، هەرجۆرە هاوردەکردنێکی بەرهەمە نەوتییەکان لە ئێرانەوە سزای بەدواوە دەبێت؛ بەرپرسانی ڕێژیمیش نکۆڵی لە کاریگەریی گەمارۆوەکان لەسەر ئێران دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی بانەمەڕ، مۆڵەتی ٦ مانگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بۆ سەر ٨ وڵاتی کڕیاری نەوتی ئێران، کۆتایی پێ هات و واشینگتۆن ڕایگەیاند، کە لەمەبەدواوە هەرجۆرە هاوردەکردنێکی بەرهەمە نەوتییەکان لە ئێرانەوە، تووشی سزا لە لایەن ئامریکاوە دەبێت.

ئەم سزایانە لە چوارچێوەی ململانێی بۆ "زیاترین گوشار" بەسەر ڕێژیمی ئێراندا دەسەپێت و بەپێی هەڵسەنگاندنی کارناسان، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا نییە.

گەمارۆوەکانی ئامریکا پێش لە بەکردەییبوون، ئابووریی ئێرانیان تووشی ناهەمواری کردبوو و نرخی کاڵاکان لە ئێراندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و چاوەڕوان دەکرێت کە بە کەمبوونەوەی داهاتی ئەرزیی دەوڵەت، زۆرتر لە ڕابردوو ئەم وڵاتە تووشی هەرسهێنانی ئابووری بێت.

لە ماوەی یەکساڵی ڕابردووەوە و لەکاتی هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و وەگەڕخرانەوەی دووبارەی گەمارۆوەکان بە دژی ئێران، هەناردەکردنی نەوت زیاتر لە ٥٠ لەسەد و پارەکەی ٦٠ لەسەد دابەزیوە و نرخی هەڵاوسانیش لانیکەم ٣٠ لەسەد زیادی کردووە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بە بەردەوامی نکۆڵیی دەسەڵات و هێزی ئامریکا لە بەڕێوەبردنی بڕیارەکانی دەکەن و لەم پێوەندییەدا حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سەبارەت بە بڕیاری ئامریکا بۆ پێشگرتن لە هەناردەکردنی نەوت، وتوویەتی: "ئێمە ناهێڵین ئەم بڕیارە کردەیی بکرێتەوە و بە یارمەتی خودا، ئامریکا بەچۆک دێنین".

ناوبراو هەروەها زیادکردنی داهاتە غەیرە نەوتییەکان و دەسبەسەرداگرتنی بازاڕەکانی ناوچە و جیهانی بە یەکێک لە هەنگاوە گرینگەکان بۆ شەڕ لەگەڵ ئامریکا ناو بردووە.

لەم پێوەندییەدا، عەرەبستان و عێراق و تەنانەت ڕووسیەش، بۆ دابینکردنی کەمیی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، کە ناڕەزایەتیی بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ڕێژیمی ئێرانی بەدواوە بووە.