کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆوەکان هەتا پێداچوونەوەی ڕێژیمی ئێران بە سیاسەتەکانی بەردەوام دەمێنن

12:40 - 23 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لەوە کردووە، کە گوشارەکانیان بۆ بەخۆداچوونەوە و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی تاران، بەردەوام دەبن.

نیکی هێلی نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ هەواڵدەریی فاکس نیوز باسی لەوە کردووە، کە ئەگەرچی ڕێژیمی ئێران هەر لە ئێستەوە هەست بە لاوازبوون دەکات، بەڵام ئێمە لە گوشارەکانمان بۆ سەر ئەو ڕێژیمە بەردەوام دەبین، هەتا پێداچوونەوە بەسەر سیاسەتەکانیدا دەکات.

ناوبراو هەروەها باسی لە کاریگەربوونی خولی یەکەمی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانی کردووە و ئاماژەی بەوە داوە، کە گەمارۆی زۆر قورستر لە ڕێگادایە، کە بڕیارە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، دەست پێ بکەنەوە و دەتوانن سیستمی بانکی و بازاڕی نەوتی ڕێژیمی ئێران بەتەواوەتی تێک بڕۆخێنن.

هێلی بە نیسبەت ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە ئێراندا ڕایگەیاندووە: "ئێمە چاومان لەسەر ئەو وڵاتەیە، خەڵکی ناڕازیی ئێران بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمەکەیان دەربڕی، خوازیاری ژیانێکی باشتر بوون، بەڵام لەگەڵ توندوتیژی و سەرکوتی ڕێژیم بەرەوڕوو بوونەوە، ئێمە ناتوانین بە نیسبەت سەرکوتەکانی سپای پاسداران و هەروەها دەسدرێژییە مووشەکییەکان و بەرنامە ناوکییەکەی بێدەنگ بین".

نیکی هێلی هەروەها ڕایگەیاندووە: "تەنیا ئێمە نین، کە بە نیسبەت بەرنامە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەخنەمان هەیە و خوازیاری کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و پاڵپشتییەکانین لە تێرۆریستان، بەڵکوو یەکیەتیی ئورووپا و فەڕانسەش بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی مووشەکی و دەستێوەردانە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست خوازیاری وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانن.

شایانی ئاماژەیە، کە ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێژیمی تاوانخولقێن و تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هاویشتنی چەندین مووشەک، هێرشی کردە سەر بنکە و شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی نزیک بە ١٦ کەس و برینداربوونی ٤٠ کەس.

ئەو هێرشە مووشەکییە کاردانەوەیەکی توندی بەدواوە بووە و زۆربەی هەرە زۆری کەسایەتی و لایەنە کوردستانییەکان و تەنانەت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها کەسایەتییە ناودارەکانی بیانی وەک مایک پێنس، تام کمیچ، جیمز بەزان وەزیری بەرگریی کانادا و جان وێلکس باڵوێزی بریتانیا لە عێراق، ئەو دەسدرێژی و هێرشە مووشەکییەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان مەحکووم کرد.

هەر بەو بۆنەوە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان، خەڵکی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنێکی سەرتاسەریان بەڕێوە برد و بە نیشاندانی ناڕەزایەتی و بێزارییان بە نیسبەت کۆمەڵکوژی و کردەوە دژە گەلییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای هەموو هەڕەشەکانی سپای پاسداران، یەکدەست و یەکگرتوو بازاڕیان داخست و لە ماڵەکانیان نەهاتنە دەرەوە.