کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆوەکانی ئامریکا، وێنەگرانی ئێرانی لە کێبڕکێی ناشناڵ جێئۆگرافیک بێبەری کرد

11:26 - 5 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: دامەزراوەی ناشناڵ جێئۆگرافیک، بەو بۆنەوە کە فاڵۆوێرەکانی ئینستاگرامەکەی بوونە ١٠٠ میلیۆن کەس، کێبڕکێیەکی وێنەگریی ڕێک خستووە، کە بەشداربووانی ئێرانی بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا، لە بەشداریکردن بێبەری بوون.

ئەم بڕیارەی دامەزراوەی ناشناڵ جێئۆگرافیک، کاردانەوەی وێنەگرانی ئێرانیی بەدواوە بووە و زۆربەیان لە ئینستاگرامەکانی خۆیاندا لە هەمبەر ئەم کارە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی ناشناڵ جێئۆگرافیک، خەڵاتی براوەی ئەم کێبڕکێیە، سەفەرێک بۆ "تانزانیا"یە؛ هەروەها لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، که بەشداریکردن لەم کێبڕکێیەدا بۆ وێنەگرانی ئێران، کورەی باکوور، کووبا، سوودان و سووریه قەدەغە کراوە.

ئەمە یەکەمجار نییە کە وێنەگرانی ئێرانی لە بەشداریکردن لەم جۆرە کێبڕکێیانەدا بێبەری کراون؛ لە ساڵی ٢٠١٢ـەشدا ئێرانییەکان لە بەشداریکردن لە کێبڕکێیە جیهانییەکانی ئەم دامەزراوەدا بێبەری بوو.

ڕێکخراوی ناشناڵ جێئۆگرافیک، ڕێکخراوێکی خەڵکییە کە ئامانجی ناساندن و بەرگری لە ژینگه، دێرینەناسی، ژینگەناسی و زانستی جوگرافیایە.

گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران جیا لەوەی کە دۆخێکی نالەباری ئابووری بۆ خەڵک دروست کردووە، بووەتە هۆی ئەوەش کە دەرفەتگەلێکی گەورە وەکوو کێبڕکێیە جیهانییەکان لە خەڵکی ئێرانیش وەر بگیردرێت.