کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆکانی ئامریکا پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و ئاڵمانی کەم کردووەتەوە

12:05 - 6 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لە کۆی گشتی کۆمپانیا بازرگانییە ئاڵمانییەکان، لە ئێستادا تەنیا نیوەیان لە ئێراندا چالاکیان هەیە.

فولکەر ترایەر، بەرپرسی بازرگانیی دەرەوەی ژووری پیشە و بازرگانی ئاڵمان، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاڵمانی "هاندلزبلات" وتوویەتی: کە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، هەناردەی بازرگانیی ئاڵمان بۆ ئێران بە ڕێژەی ٥٠٪ لە چاو هەمان ڕێکەوت لە ساڵی ڕابردوودا کەمی کردووە.

بە وتەی ترایەر، هەناردەی ئاڵمان بۆ ئێران لە مانگی ژانویە، دابەزینێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و لە مانگی مارسدا، بە بڕی ٣٣٩ میلیۆن یۆرۆ گەیشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ژووری بازرگانی و پیشەی ئاڵمان، کەلوپەلە سەرەکییە هەناردەکراوەکانی ئاڵمان بۆ ئێران لە ساڵی ٢٠١٨دا بریتی بوون لە: کەلوپەلی ماشینی، دەزگا جیاوازەکان، کەلوپەلی میکانیکی، دەرمان، بەرهەمە ئەلکترۆنییەکان و ...

فولکەر ترایەر، ئاماژەی بەوە داوە، کە لە کۆی ١٢٠ کۆمپانیای ئاڵمانی کە لە ئێراندا چالاکییان هەبووە، لە ئێستادا تەنیا ٦٠ کۆمپانیا چالاکن.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: کە ژووری بازرگانیی ئاڵمان و ئێران پێشبینی ئەوە دەکات، کە بەرهەمی ناپەتیی نێوخۆی ئێران لە ئەمساڵدا ٥ ٪ و لە ساڵی داهاتوودا ١٠٪ کەم بکات و ئەم ڕەوتەی "بێهیواکەر" پێناسە کردووە.