کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران درێژەی هەیە

11:25 - 21 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە درێژەی گوشارەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران چەند ناوەند و دوو کەشتیی ئەو وڵاتەی خستە لیستی گەمارۆکانەوە.

دەفتەری کونتڕۆڵی داراییە دەرەکییەکانی خەزێنەداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ناسراو بە "ئۆفێک"، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، ڕایگەیاند، یەک کەس و پێنج ناوەند و دوو کەشتیی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە لیستی گەمارۆکاندا داناوە.

بەپێی بەیانییەی خەزێنەداریی ئامریکا، "عەبدولحوسێن خدری"، لەدایکبووی بانەمەڕی ١٣٥٠، وەکوو کەسێکی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران گەمارۆی خراوەتە سەر.

لەو لیستەیەدا هەروەها شیرکەتگەلی "خزمەتگوزاریی هەوایی گیت و یەک" لە ئیمارات، "خزمەتگوزاریی هەوایی گومی" لە چین، "شیرکەتی گەشتیاری و موسافرەتیی جیهان دێستێنێشێنز" لە دوبەی، بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ شیرکەتی فڕۆکەوانیی "ماهان ئەیر"ی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە لیستی گەمارۆکاندا دانراون.

ئامریکا هەروەها دوو شیرکەتی کەشتیڕانیی "خدری جیهان دەریا" لە تاران و "ڕێگای ئەوریشمی خدری جیهان دەریا"ی بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ "عەبدولحوسێن خدری" تەحریم کرد.

لە لایەکی دیکەشەوە دوو کەشتی کە ئاڵای ئیرانیان لەسەر بووە، بە ناوەکانی "ژێنێڤی ١" و "ژێنێڤی ٢"ی بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ شیرکەتی "خدری جیهان دەریا" خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.

پێشتر ئامریکا بە مەبەستی گۆڕانی ڕەفتاری شەڕخوازانەی ئێران، هۆشداریی دابوو کە هەموو ئەو پەیوەندییانەی کە گەمارۆهەڵگر بن، گەمارۆیان لەسەر دادەنێن.