کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆکان بۆ سەر ئێران زیاتر دەبێت

11:59 - 2 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ترامپ ڕایگەیاندووە کە سیاسەتی ئامریکا دژ بە چەکی ناوکی و دروستکردنی مووشەکی بالیستیکیی ڕێژیمی ئێران توندتر دەبێتەوە و گەمارۆی زیاتر دەخاتە سەر ئێران.

"دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ١ی پووشپەڕ، لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا ڕایگەیاندووە: "ئێران ناتوانێت چەکی ناوکیی هەبێت و بەپێی بەرنامەی "ئۆباما"، بە ئاسانی دەیانتوانی لە ماوەی چەند ساڵێکی تردا، دەستیان بە چەکی ناوکی بگات."

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "واشنتۆن ڕۆژی دووشەممە، گەمارۆکان بۆ سەر ئێران زیاتر دەکات."

"ترامپ" لە درێژەدا زیادی کردووە: "من تەنیا دەمەوێت کە ئێران چەکی ناوکیی نەبێت و دەستی بە چەکی ناوکی نەگات. سیاسەتی ئامریکا دژ بە چەکی ناوکی و دروستکردنی مووشەکی بالیستیکیی ڕێژیمی ئێران توندتر دەبێتەوە و ئامریکا ناهێڵێت ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی کۆمەڵکوژی بگات."

ناوبراو جەختی کردەوە: "من چاوەڕێی ڕۆژێک دەکەم کە گەمارۆکانی سەر ئێران نەمێنێت و نەتەوەکانی نێو چوارچێوەی ئێران ببن بە داهێنەر و لە خۆشیدا ژیان بکەن."

ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ساڵی ٩٧، ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام هاتە دەرەوە و جگە لەوەی کە گەمارۆ پێشووەکانی هێنایەوە، گەمارۆی نوێیشی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران پەسەند کرد.