کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران چڕتر دەبێتەوە

12:25 - 20 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە گەمارۆگەلێکی نوێی دژ بە ڕێژیمی ئیسلامی پەسند کردووە و گەمارۆکانی ڕابردوو چڕتر دەکاتەوە.

"دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی بەفرانبار، لە پرێس کۆنفڕانسێک لە کۆشکی سپیدا ڕایگەیاندووە، بڕیارمان لەسەر گەمارۆگەلێکی نوێ بۆ سەر ڕێژیمی ئێران داوە و هەروەها پەسندمان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی فەرانسە، "ترامپ" وتوویەتی، گەمارۆکانی پێشتر تا ئێستا قورس بوونە، بەڵام لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەرچاو، چڕ کراونەتەوە.

سەرکۆماری ئامریکا لە شیکاریی زیاتر لەسەر ئەو گەمارۆوانە خۆی بواردووە و ڕایگەیاندووە، بە زووترین کات ئەو گەمارۆوانە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەدارییەوە ڕادەگەیەندرێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار، "ترامپ" لە کاردانەوە بەرانبەر بە هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەکانی هێزە نیزامییەکانی ئامریکا لە عێراق ڕایگەیاندبوو، وڵامی نیزامی بە ئێران نادەینەوە بەڵام سیاسەتی "گوشاری لانیزۆری" درێژە پێ دەدەین.

سەرکۆماری ئامریکا ئەو گەمارۆوانەی لە وڵامی هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان پەسەند کردووە.