کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵی لە ئێران/ پرسیارەکانی کۆنکوری ١٤٠١ فرۆشراون

12:46 - 11 پووشپەڕ 2722

شورای هاوئاهەنگیی یەکییەتییەکانی سێنفیی فەرهەنگیان ڕۆژی هەینی ١٠ی پووشپەڕ، لە کاناڵی تێلگرامیی خۆی سەبارەت بە کڕین و فرۆشتنی پرسیارەکانی تاقیکاریی کۆنکوری سەراسەری لە ئێران نووسیویەتی: "بەپێی هەواڵەکان ئەمساڵیش گرووپێک وەکوو ساڵانی ڕابردوو پرسیارەکانی تاقیکارییان فرۆشتووە''.

ئەو شورایە باسی لەوە کردووە ''بەپێی دەنگ و باسەکان ئەو پرسیارانە بە نرخی ٣٥٠ هەتا ٥٠٠ ملیۆن تمەن فرۆشراون و کڕیاران ٣٠ لەسەدی ئەو بڕە پارەیان پێش لە تاقیکارییەکە بە فرۆشیاران داوە".

شورای هاوئاهەنگیی یەکییەتییەکانی سینفیی فەرهەنگیان جەختی کردووەتەوە: ''دەزگای نەخۆشی پەروەردەی ئێران لە حاڵێکدا لەسەر شێوەکانی ناکارامەی تاقیکردنەوەی خوازیاران و چوونیان بۆ زانکۆ پێداگری دەکات کە هەموو ساڵێک بە بەڕێوەچوونی تاقیکاریی کۆنکور زەربەیەکی گەورە لە قوتابییان دەدات''.

ئەو شورایە لە درێژەدا نووسیویەتی کاسبیکردن بە داهاتووی قوتابییان و پێکهێنانی دڵەڕاوکێ و نەخۆشیی ڕووحی و ڕەوانی بەشێکی بچووک لە لێکەوتەکانی شێوەکانی ناکارامە لە سیستمی پەروەردەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانه.

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی پووشپەڕ، پێش لە دەسپێکی تاقیکاریی کۆنکوری ١٤٠١ لە ڕشتەی بیرکاری و فیزیک چەندین وێنە لە پرسیارنامەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە.

''کیومەرس عەزیزی'' فەرماندەی ئینتزامیی ڕۆژهەڵاتی تاران باسی لە دەسبەسەریی باندیکی چوار کەسیی فرۆشی پرسیارەکانی کۆنکور لە شارەستانی پاکدەست کردبوو.

ساڵانە پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی کۆنکور، دەنگۆی بڵاوبوونەوەی پێشوەختەی پرسیارەکانی ئەو تاقیکردنەوانە و فرۆشتنیان بووەتە هۆی نیگەرانیی خێزانەکان و دڵەڕاوکێی زۆربەی بەشداربووان.