کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵیی ماڵی و ئەخلاقیی نوێنەری ''خامنەیی'' لە پارێزگای سنە بووەتە وێردی سەر زمان

12:47 - 10 خەرمانان 2720

''موختار زارعی'' چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە لە نامەیەکدا بۆ ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردووە کە گەندەڵیی ماڵی و ئەخلاقیی نوێنەری ''خامنەیی'' لە پارێزگای سنە دەنگی داوەتەوە و هیچ یەک لە ناوەندەکانی ڕێژیم ناتوانن پێشی پێ بگرن.

لە نامەی دووهەمی ''موختار زارعیـ''ـدا هاتووە: "لە نامەی یەکەممدا لە نەورۆزی ٩٧ی هەتاوی بە زمانێکی دڵسۆزانە و ئەدەبییانە کە بۆ عەلی خامنەیی نووسیومە، بە جێگای ئەوەیکە بە ناوەڕۆکی نامەکە ئاوڕ بدرێتەوە و دەنگی ڕەخنەگرانە ببیسرێت، سزا درام کە نیشانەی ئەوەیە ڕخنەگرتن قەدەغەیە''.

ناوبراو لەو نامەیەدا نوسیوویەتی ''شاهروودی'' نوێنەری خامنەیی لە پارێزگای سنە نموونەی بەرپرسێکی ناپاک و بەدڕەوشتە. گەندەڵیی ماڵی و ئەخلاقیی ناوبراو لە پارێزگای سنە بووەتە وێردی سەر زمان، بەڵام هیچ کەس بوێریی ئەوەی نییە کە باسی لێوە بکات. ئەگەر من باسی لێ دەکەم بەهۆی ئەوەیە کە لە گیانی خۆم گوزەراوم.

''زارعی'' لەو نامەیەدا بۆ خامنەیی نووسیویەتی بریا نوێنەرەکەت تەنیا گەندەڵ بووایەت کە بە لابردن یان مەرگی ناوبراو زیانەکەی کەم دەبووەوە، بەڵام ناوبراو یەک کەس نییە و بەڵکوو باندێکی تاوانبار و گوناحکاری بەتەواو مانایە.

ناوبراو لەو نامەیەدا، لە وڵامی ئەوەی کە بۆچی لە ناوندە دادوەرییەکانی ڕێژیم سکاڵای لێ ناکرێت وتوویەتی کە کام دادگا، کام دادستان و دادوەرێک بوێریی ئەوەی هەیە بە گەندەڵی و سەرپێچییەکان و کارە ناڕەواکانی ''شاهروودی'' ڕابگات، سەرجەم بەرپرسانی نیزامی و ئیداریی پارێزگای سنە لەلایەن ''شاهروودیـ''ـیەوە دیاری کراون و هەرکاتێک بیهەوێت وەلایان دەنێت.