کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵییەکان ئیدارەکانی ڕێژیمی تەنیوە

11:32 - 18 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: نەخۆشخانەی شاری مەهاباد لە دەست گەندەڵی و بێسەروبەری ئیداری و ماڵیدا دەناڵێت و ئەوەش بووەتە کێشەیەک بۆ هاووڵاتییان و نەخۆشەکانی ئەو نەخۆشخانەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد بووفەیەک هەیە، کە ساڵی ڕابردوو بە ٧ میلیۆن تمەن بە کرێ درابوو و ئێستاش لە ڕێگای موناقسەوە بە ١٨ میلیۆن تمەن بە کەسێکی خەڵکی ئەردەبێڵ بە کرێ دراوه.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوەش کرد، لە بانکەکانی ڕێژیمی ئێران فیشی بانکی دەنووسرێت و پارەکەی واریز ناکرێت. گەندەڵی لە نێو دامودەزگاکانی ڕێژیم لەوپەڕی خۆیدایە و هیچ لێپرسینەوەیەک نییە و هیچ چاوەدێرێک نییە و هەر کەسێک بۆ خۆی بڕیار دەدات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا باسی لەوەش کرد، یاسا و ڕێساکان بە نووسراوە هەن، بەڵام هیچ یاسایەکی نووسراوە جێبەجێ ناکرێت. کارمەندانی ڕێژیمی ئێران خەریکی کارشکێنین.
هاوکات تەواوی کارەکانی ڕێژیم دراون بە کەرتی تایبەت و ئەوانیش پارەی کرێکاران زۆر وەدوا دەخەن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە دوکتورەکان لە نەخۆشخانەی مەهاباد نەخۆشەکان لە کاتی خۆیدا دەرمان ناکەن و بە دڵخوازی خۆیان دێنە سەر کارەکانیان. دوکتورەکانی دڵ زۆربەی کاتەکان بەشی ئیکۆ و تێستی وەرزش دادەخەن، هەتا نەخۆشەکان سەردانی نووسینگەی تایبەتیی ئەو دوکتورانە بکەن و بە نرخی ئازاد دەرمان بکرێن.

هەواڵنێری کوردستان میدیا، لە بارەی پێداویستییەکانی نەخۆشخانە باسی لەوە کرد، کەلوپەلی پێویست بۆ نەخۆش بە دانە دانە بە بەشەکان دەدرێت و زۆر کات نەخۆش چاوەڕێ ڕادەگرن هەتا پێداویستییەکانی بۆ دابین دەکرێ و زۆر کاتیش دەست ناکەون و دەبێت بە نرخێکی زۆر گرانتر نەخۆش و کەسوکارەکەی بۆ خۆی دابینی بکات.