کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵییەکانی کۆمپانیای سایپا لە بازاڕی ئۆتۆمبیل

14:27 - 24 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە هەڵکشانی نرخی ئۆتۆمبیل لە بازاڕەکانی ئێراندا، کۆمپانیای سایپا بە شێوەی سەرسووڕهێنەر داهاتی بووە.

لە ڕۆژنامەی نێوخۆیی "جمهوری اسلامی" ڕاپۆرتیک لەسەر بازاڕی ئۆتۆمبیل بڵاو کراوەتەوە، کە ئاماژە بە داهاتی سەرسووڕهێنەری کۆمپانیای سایپا کراوە، لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شەش میلیۆن کەس پارەیان ڕژاندووەتە سەر حەسێبی ئەو کۆمپانیایە بۆ کڕینی ئۆتۆمبیل.

هەرکەسەوە ٢٥ میلیۆن تمەن پارەی خستووەتە حەسێبی کۆمپانیای سایپا، کە بەگشتی ١٥٠ هەزار میلیارد دەگات و لە هەڵسەنگاندن لەگەڵ نرخی ئێستەی دۆلار دەکاتە ١٩ میلیارد دۆلار و بەپێی نرخی دەوڵەتی دەبێتە ٣٥ میلیارد دۆلار، کە بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بەو سەرمایەیە دەکرێ یەکێک لە کۆمپانیاکانی بنز، بی‌.ئیم.‌وێ، لامبۆرگینی یان فورد بەتەواوەتی بکڕدرێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە بە کەڵکئاژۆوەرگرتن لە هەڵکشانی بازاڕی ئۆتۆمبیل، کۆمپانیای سایپا، بەرهەمی ٩ ساڵی داهاتووی خۆی پێشفرۆش کردووە و لە کاتی ڕادەستکردنی بەرهەمەکانی بە کڕیاران، بە نرخی ڕۆژ حەسێبیان دەکات، کە کڵاولەسەرنانێکی زۆر ئاشکرایە.

بەو داهاتەی کۆمپانیای سایپا، کە زۆرینەی شەریکەکانی بەرپرسانی ڕێژیمن، بەتایبەت بەرپرسانی سپای پاسداران، بە کڕینی یەکێک لەو کۆمپانیانە وەکوو بنز، سەرەڕای دروستبوونی هەلی کار و چارەسەریی کێشەی بێکاری لاوەکان، سوودێکی بەربڵاو دەستەبەر دەبێت و ئابووری گەشەی دەکرد.

لە لایەکی دیکەشەوە، کومپانیای سایپا بەرهەمەکانی نینە ئاستی ئەو پارەیە کە لە خەڵکی وەردەگرێت و لە تکنۆلۆژیای سەردەمی ئۆتۆمبیل دوورن و خەڵکی ئێران لە کەمترین ئاپشنەکان لەو ئۆتۆمبیلانە بەهەرەمەندن و کەمترین ئەمنییەتی گیانیان هەیە.