کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەورە ڕووباری "دێز" لە پارێزگای "ئەلئەحواز" بە تەواوی وشک بووە

11:28 - 1 پووشپەڕ 2722

کەرخە و کاروون و دێز، سێ گەورە ڕووبارن لە پارێزگای ئەلئەحواز کە سەردەمێک بە ئاوی زۆر و لافاوەکانیان ناسرابوون، بەڵام لە ئێستادا خەریکە بەرەو لەنێوچوون دەچن.

دوای وشکبوونی ڕووبارەکانی کاروون و کەرخە، ڕووباری "دێز" بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بە تەواوی وشک بووە کە هەندێک وێنە و گرتە ڤیدیۆ ڕاستیی ئەو ڕووداوە نیشان دەدەن.

کارناسان هۆکاری وشکبوونی ئەو ڕووبارە بۆ کەمبوونەوەی ئاوی پشتی بەنداوی "دێز" و ڕێگریکردن لە هاتنی ئاو بۆ ڕووبارەکە دەگەڕێننەوە.

"فاتمە کەرەموڵڵا عەجەب" بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژینگەیی "ڕۆمانە" لەو بارەوە وتوویەتی کە ماوەی حەوتوویەک دەبێت کە ڕووباری "دێز" لە گوندەکانی بەشی خوارووی "شوعەیبییە" بە تەواوی وشک بووە و تەختایی بنی ڕووبارەکە بە دیار کەوتووە.

ناوبراو هەروەها دۆخی ڕووباری "دێز"ی بە قەیرانێکی ژینگەیی وەسف کردووە و هۆکاری ئەو دۆخەی گەڕاندووەتەوە بۆ کەمتەرخەمی لە بەڕێوەبەریی بەشی ئاودا.

هاووڵاتییەک لەو بارەوە وتوویەتی: "بە بەرەکەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دوای ڕووباری کەرخە، ڕووباری دێزیش بە تەواوی وشک بووە".

"دێز" لە تێکەڵبوونەوەی ڕووبارەکانی سزار و بەختیاری لە پارێزگای لوڕستان پێک هاتووە و لە پارێزگای ئەلئەحواز دەڕژێتە ڕووباری "کاروونـ"ـەوە. ڕووباری "دێز" بەشێک لە ڕووباری "کاروونـ"ـی گەورە دێتە ئەژمار.