کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەورەترین دزی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کرا

12:19 - 22 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران به هۆی گەمارۆوە ئابوورییەکان کەوتووەتە ژێر گوشاری دژواری ئابوورییەوە، بەڵام ڕێکۆردێکی دزییەکی بێوێنەی لە مێژوودا تۆمار کرد.

دزی و بەفێڕۆدانی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران لە لایەن کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمەوە درێژەی هەیە و لە نوێترین حاڵەتدا کە چەند ڕۆژ پێش ئاشکرا کرا،  "مەرجان شەیخولئیسلامیی ئالی‌ئاقا"، بڕی ٦.٦ میلیارد یۆرۆ پارەی دزیوە.

ناوبراو ئەو دزییەی لە بەشی پێترۆشیمیدا ئەنجام داوە.

ڕۆژنامەی "ئەلجەریدە"ی کوەیت لە بارەی ئەو دزییەدا لە سەردێڕی ڕۆژنامەیەکەیدا نووسیویەتی: "گەورەترین دزی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا".

زۆربەی تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە لە بەڕێوەبەرانی پێشوو و ئێستای "كۆمپانیای سەرمایەگوزاریی (پێترۆشیمین، دۆسیەكە ٧٠٠ لاپەڕە لە خۆ دەگرێت، ئەو كەسەی کە وەک كەسی یەكەم لە دۆسیەكەدا ناسراوە وتوویەتی: "هەرچیم كردووە بۆ یارمەتیدان بە دەسەڵاتی ئێران بووە، ئێوە دەبوو خەڵاتی ئێمەتان بكردایە، كە نەمانهێشتووە ئەو پارەیە لە ئێران بچێتە دەرەوە".

ڕۆژنەمەی "شەرق"، چاپی ڕێژیمی ئێران، لە بارەی مەرجان شەیخولئیسلامیی ئالی‌ئاقا، نووسیویەتی: ناوبراو كە بۆ دوو خول ئەندامی مەجلیس بووە، پەیوەندی لەگەڵ مەحموود ئەحمەدی‌نژاد سەركۆماری پێشووی ڕێژیمی ئێران و تیمێكی هاوبەشیدا هەبووە و ئێستا لە شاری تۆرنتۆی وڵاتی كانادا دەژیت.

دزییەکان لەژیر سێبەری ڕێژیمی ئێراندا ماوە بە ماوە ئاشکرا دەبێت و ڕێبەری ڕێژیمیش بۆ شاردنەوەی ئەو گەندەڵییانە دەڵێت: لە بیری بکەن شتی گرینگتر هەیە.