کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەورەترین کارخانەی واکسەنسازیی لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا داخرا

10:24 - 25 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کارخانەی بەرهەمهێنانی واکسەنی "تەبی بەرفەکی" لە شاری مەهاباد کە گەورەترین کارخانەی بەرهەمهێنانی ئەو واکسەنە لە ئاستی ڕۆژهەڵاتێ نێوەڕاست دابوو، دوای چەند ساڵ کار و چالاکی داخرا.

داڕمانی ئابووریی لە ئێراندا وای کردووە کە کارخانە و کارگاکانی ئێران و کوردستان، بەردەوام ڕووی لە داخرانە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش وادە باشتربوونی دۆخی ئابووری دەدەن.

لەو پێوەندییەدا، کارخانەی واکسەن سازیی "ڕووناک" کە لەژێر ناوی  کارخانەی "بەرهەمهێنانی زیستیی ڕووناک"دا  کاری دەکرد بە هۆی کێشەی ئابووریی داخراوە.

یەکێک لە بەرپرسانی ئەو کارخانەیە باسی لەوە کردووە کە هاوردەکردنی واکسەنی تەبی بەرفەکی  لە تورکیەوە و بەرزبوونەوەی نرخی دراو لە ئێراندا بووەتەوە هۆی ئەوەیکە ئەو کارخانەیە دابخرێت.

بە داخرانی کارخانەی ڕووناک ٢٥ کەس لە پێرسۆنێلی ئەو کارخانەیەیە بێکار بوونە.

ئەو کارخانەیە ساڵی ٩٠ دامەزرا بەڵام دوای ماوەیە چالاکییەکانی خۆی ڕاگرت، دواتر ساڵی ٩٤ ئەو کارخانەیە دووبارە دەستی بەکار کرد و هەتا ئەویکە لە چەند ڕۆژی دواییدا بە هۆی کێشەی ئابوورییەوە داخرا.

بە هۆی کێشەی ئابووریی و بەرزبوونەوەی دراو لە ئێراندا داخرانی کارگە و کارخانەکان بەردەوامە و بەرپرسانی ڕێژیمیش تەنیا دروشم دەدەن.