کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەورەترین کۆمپانیای کەشتیڕانیی جیهان هاوکارییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرت

23:50 - 27 بانەمەڕ 2718

 
کوردستان میدیا: کۆمپانیای مێرسک (Maersk) که گەورەترین کۆمپانیای کەشتیڕانیی جیهانە، سەرجەم هاوکارییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆمپانیای "مێرسک"ی دانمارک بڕیاری دا، سەرجەم هاوکارییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕابگرێت، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت که ئامریکا دوای کشانەوەی لە بەرجام بەشێک لە سزا ئابوورییەکانی لە سەر ڕێژیمی تاران نوێ کردەوە.

کۆمپانیای مێرسک ڕایگەیاندووە: "هەر چەند ئەو کۆمپانیایە بەو گرێبەستانەی که پێشتر لەگەڵ ئێراندا واژۆی کردوون پابەند دەبێت، بەڵام بەپێی دووبارەبوونەوەی سزاکانی ئامریکا بەسەر ئێراندا ئەو کۆمپانیایە کۆتایی بە هاوکارییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دێنێت".

کۆمپانیای مێرسک پێشتر بەشێک لە کۆمپانیای دەریایی "AP Moller-Maersk"ی دانمارک بووە که مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٧ بە بەهای ١.١٧ ملیار دۆلار بە کۆمپانیای APMH فرۆشرا؛ لە ئێستادا مێرسک خاوەنی زیاتر لە ١٦٠ کەشتییە و نزیکەی ٣١٠٠ کارمەندی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.

هەر لەو پێوەندییەدا، کۆمپانیای تووتاڵی فەرانسەش هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرت.

لە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام سەرەڕای ئەوەی کە گەمارۆی ئابووری دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کرا، ژمارەیەک کۆمپانیاش هاوکارییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرت.