کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەورەترین کۆمەڵەدەقی زمانی کوردیی ناوەندی بڵاو کرایەوە

10:06 - 13 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەشێک لە کۆرپسی دەقی "ئاسۆسافت" بە قەبارەی ٧٥ میلیۆن وشە بە شێوەی سەرهێڵ بڵاو کرایەوە. هەروەها کۆمەڵە دراوەی تایبەت بە ناسینەوەی بابەتی دەق کە پەراوێزنووسی کراوە خرایە بەر دەستی توێژەران.

کۆرپسی دەق یەکێک لە گرینگترین سەرچاوەکانی زمانە کە بۆ زۆربەی توێژینەوەکانی بوارە زانستییەکانی زمانناسی، فەرهەنگنووسی، فێرکاریی زمان، پێواژۆی زمانی سروشتی و پێواژۆی ئاخاوتن، پێویستییەکی بنەماییە.

کۆرپسی دەق بە کۆمەڵە دەقێکی گەورە دەگوترێت کە بە شێوەی ئامانجدار کۆ دەکرێنەوە و پەراوێزنووسی دەکرێن. کۆرپسەکان چەندین جۆری جیاجیان هەیە کە بە ئامانجی تایبەت کۆ دەکرێنەوە و کاری پێواژۆی کۆمپیوتەرییان لەسەر ئەنجام دەدرێت.

کۆرپسی دەقی ئاسۆسافت، یەکەمین کۆرپسی قەبارە-گەورەی زمانی کوردیی ناوەندییە کە لە لایەن توێژەرانی کوردەوە لە گروپی توێژینەوە و پەرەدانی ئاسۆسافتدا بەرهەم هاتووە. ئەم کۆرپسە لە سەرچاوەی جۆراوجۆر وەک ماڵپەڕەکان، ڕۆژنامەکان، کتێبەکان و گۆڤارەکان کۆکراوەتەوە کە کۆی گشتیی ژمارەی وشەکانی لە قۆناغی ئێستادا لە سەرووی دووسەد میلیۆن وشەیە. بەشێکی بەرچاو لە کۆرپسی ئاسۆسافت بە بڕی ٧٥ میلیۆن وشە بە شێوەی سەرهێڵ خراوەتە بەر دەستی توێژەران کە دەتوانن کەڵکی لێوەربگرن. هەروەها بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن سەرجەم کۆرپسەکە دابگرن وەشانێکی بچوکتری بە قەبارەی ٥ میلیۆن وشە لەبەر دەستدایە.

لەم کۆرپسەدا دەکرێت بۆ بوارەکانی فەرهەنگنووسی، زمانناسی، فێرکاری زمانی کوردی، پێواژۆی زمانی سروشتی (دەرهێنانی وشەدان، دەرهێنانی مۆدێلی زمانی و هتد) کەڵک وەربگیرێت.
جگە لەمە، بەشێک لە کۆرپسی ئاسۆسافت پەراوێزنووسی کراوە و بابەتەکانی هەر بوارێک جیا کراونەتەوە کە توێژەران دەتوانن بۆ ناسینەوەی بابەت (Topic identification) کەڵکی لێوەربگرن.

ئەم کارە دەتوانێت یارمەتیدەری توێژەران لە سەرانسەری جیهاندا بێت و ببێتە هۆی گەشەی زیاتری زمانی کوردی و یارمەتیدەری پەرەسەندنی توێژینەوەی زیاتر لەسەر زمانەکەمان بێت.

 گرووپی توێژینەوەی ئاسۆسافت لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە مەبەستی دابینکردنی سەرچاوەکان و تەکنۆلۆژییەکانی زمان دامەزراوە و چالاکانە کار دەکات.

ئەندامانی ئاسۆسافت بریتین لە:
ـ  دوکتور هادی وەیسی، ئەندامی دەستەی زانستی زانکۆی تاران و بەڕێوەبەری ئاسۆسافت

ـ هاوڕێ حوسەینی خوێندکاری دوکتورای ئەندازیاریی کۆمپیوتەر و بەرپرسی توێژینەوە

ـ  محەممەد محەممەدئەمینی، ماستەری ئەندازیاریی ئایتی و بەرپرسی تەکنیکی

ـ  مورتەزا ناسرزادە، ماستەری زمانناسیی کۆمپیوتەری

ـ  ئاسۆ مەحمودی، خوێندکاری ماستەری زمانناسیی کۆمپیوتەری

ـ  وریا فەتحی، خوێندکاری دوکتورای ئەندازیاریی ئایتی