کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەورەترین كەنداوی دەریای خەزەر، لە چاوەڕوانیی چارەنووسی گۆلی ورمێ‌‏دا

17:30 - 7 خەزەڵوەر 2715

كوردستان میدیا: بەرپرسێكی ڕێكخراوی بنادر و دریانوردی (لەنگرگا و دەریاوانی) هۆشداری داوە كە: لە ئەگەری بەردەوامیی دۆخەكەدا، تا ٣ ساڵی دیكە كەنداوی گۆرگانیش تووشی چارەنووسە تاڵەكەی گۆلی ورمێ‌ دەبێ‌.

كەنداوی گۆرگان بە پانتایی ٤٠٠ كیلۆمیتری چوار گۆشە، گەورەترین كەنداوی دەریای خەزەر، لە بەرەبەری ویشك بوونی تەواو دایە و بە وتەی بەرپرسێكی ڕێكخراوی لەنگرگا و دەریاوانی، ئەگەری ئەوە هەیە كە تا ٣ ساڵی دیكە، ئەو كەنداوەش بە دەردی گۆلی ورمێ‌ بچێ‌.

شایانی باسە كە نزیكەی ٢٥ ڕووبار و شەتاوی بچووك لە بنارە باكوورییەكانی زنجیرە چیای زاگرۆسەوە دەڕژێنە كەنداوی گۆرگانەوە، هەربۆیەش بە هۆی بایەخی ژینگەیی تایبەتی، ئەو كەنداوەوە بووەتە پەناگایەك بۆ ژیانی ئاژەڵە دڕندە كێوییەكان لەو ناوچەدا.

قووڵایی ئەو كەنداوە ئەوپەڕەكەی ٤ میترە و بەگشتی ڕادەی ئەو ئاوەی تێی دەڕژێ‌ كەمترە لەو ئاوەی لێی دەڕوات. كەنداوی گۆرگان كەمیی ئاوی خۆی لە دەریای خەزەر قەربوو دەكاتەوە، بەڵام بە هۆی ئاڵوگۆڕە ژینگەییەكان وەكوو گۆڕینی بەرزایی ئاستی دەریای خەزەر، كەمیی بارینی باران و بەفر، بوونە هەڵمی لە ڕادەبەدەر و قەرەبوو نەبوونەوەی و پچڕانی پەیوەندیی كەنداوەكە لەگەڵ دەریای خەزەر، دۆخی ئەو كەنداوەی گەیاندۆتە ئاستێكی مەترسیدارەوە.

شایانی باسە كە ئیسمائیل كەهرۆم، ڕاوێژكاری ڕێكخراوی بەرگری لە ژینگە، ڕۆژی سێ‌شەممە 5/ خەزەڵوەر، لە هەمایشێك لە تاراندا، دەوڵەتی یازدەهەمی بە خەمساردی بەرامبەر بە گۆڵ و دەریاچە و تاڵاوەكانی ئێران تاوانبار كرد و بەڵێنییەكانیانی لەو بوارانەدا بە دروشم لەقەڵەم دا.