کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەورەنیشاندانی هێرشی مووشەکیی ڕێژیم بۆ سەر بنکەکانی ئامریکا لە عێراق

12:34 - 19 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئامریکا لە عێراق  لەلایەن بەرپرسان و میدیاکانی سەر بە ڕێژیم بە ڕادەیەک گەورەنیشان دەدرێت، کە وا هەست دەکرێت ئامریکای بە تەواوەتی شکست داوە. لە حاڵێکدا ئەم هێرشە مووشکەییە هیچ کاریگەری و لێکەوتەیەکی نەبووە.

دوای کوژرانی تێرۆریست قاسم سلێمانی و دارودەستەکەی لەلایەن ئامریکاوە، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران و بەرپرسانی ئەم ڕێژیمە باسیان لە تۆڵەیەکی قورس دەکرد و گەورەترین هەڕشەیان لە دژی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دەکرد.

سەرئەنجام ، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار، ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە لە ئامریکا، هێرشی مووشەکیی کردە سەر دوو پایگای نیزامیی ئامریکا کە یەکێكیان لە نزیک هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان و ئەوی دیکەش لە پایگای ''عینەلئەسەد'' کە لە ناوچەی سوننەنشینی عێراق هەڵکەوتووه.

دوا بەداوای ئەم هێرشانە سەرجەم ڕۆژنامە و میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ئەم هێرشانەیان گەورە نیشان دا و توانایی نیزامیی ڕێژیمیان بە سەرسووڕهێنەر وەسف کرد.

بەڵام بەپێی زانیارییەکان ئەو مووشەکانەی کە ڕەوانەی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان کراون، هیچ زیانێکیان بە پایگاکان نەگەیاندووە و تەنانەت چەند مووشەکی ڕێژیمی ئێران نەتەقاونەتەوە.

وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران لە نزیک هەولێر، وتوویەتی: "کەوتنە خوارەوەی مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران هیچ زەرەر و زیانێکی نەبووە".

هەروەها، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ''دانڵد ترامپ''، سەرکۆماری ئامریکا لە هەمبەر هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کرد کە ئه‌و مووشه‌كانه‌ی ئاراسته‌ی ئێمه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانمان كرا، هیچ زیانێکی بە ئێمە نەگەیاندووە.

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ئەم هێرشەی بە زلـلەیەک وەسف کردووە، بەڵام تۆڵەی قاسم سلێمانی بە جیاواز لەم هێرشەی ناو بردووە و ئەم هێرەشەی بە کەم زانیوە و داوای چوونەدەرەوەی ئامریکای لە ناوچەکە کردووە.

دوای کوژرانی ''قاسم سلێمانی''، فەرماندەی سپای قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران، لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کرایە ئامانجی فڕۆکەکانی ئامریکا، عەلی خامنەیی و  بەرپرسانی دیکەی ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر کوژرانی "قاسم سلێمانی"، لە چەندین پەیامدا کاردانەوەی خۆیان لە شێوەی تۆڵەیەکی قورس نیشان دا. بۆ هەموو کەس دەرکەوت کە ڕێژیمی ئێران توانای ڕۆبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئامریکا نییە، تەنیا بۆ ئەوەیکە لە بەرامبەر خەڵکدا خۆی بەهێز نیشان بدات، تەنیا دروشم دەدات.