کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڕانەوەی ئامریکا بۆ بەرجام و ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ تاران کۆتایی ئاڵۆزییەکان نابێ

12:17 - 16 رەشەمه 2720

محەممەد سلێمانی

بارگرژییەکانی نێوان ئامریکا و ئێران بەرگەڕانەوەیان بۆ بەرجام و ڕێککەوتنی ناوکیش کۆتایی پێ نایەت و قەیرانی سیاسی و سەربازی  ئەو دوو وڵاتە زۆر لەوەی گەورەترە و تاران دەست بەرداری پێگە و فراوانخوازیی خۆی نابێت و دەمێكە خۆی بە ڕیشسپی و دم کوێخای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێناسە دەکات و بوونی هێزەکانی ئامریکا و باڵادەستیان لەو هەرێمە گرینگ و ستڕاتیژییەی گێتیدا بۆ قەبووڵ ناکرێت. 

هەرلەو پێوەندییەشدا واشنتۆن، لەسەر مەسەلە ئەساسی و بنەڕەتییەکانی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاڵۆزیەکانی لەگەڵ تاراندا، بە خۆشحاڵیەوە گوێ بۆ تەلەبی و هاوپەیمانە سیاسی و ستراتیژییەکەی ئەگرێ و کارێك ناکات بە ڕێککەوتنێه لەگەڵ دژبەرەکانی ئەو وڵاتەدا، مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی یان دورست بێ و، بە گرینگیەوە  گوێ بۆ داوای ئیسرائیل سەبارەت بە قەیرانی ئەتۆمی  و کۆی ئاڵۆزییە سیاسی و سەربازییەکان کە وەک سەرئێشەیەکی گەورەی نێوان ئامریکا و ئێران، چەند ساڵێکە گێتی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەگرێ و بێ ڕەزامەندی حکوومەتی تەلەبی هیچ ڕێککەوتنێک ئەنجامی نابێت.

 پاشان ئاسۆی چارەسەکردنی بارگرژییەکانی ئامریکا و ڕێژیمی ئێران هەر وەک هەمیشە لێڵ دەبینرێت و تاران  لە چەند بەرەیەكی نوێدا شەڕی بەدژی نەیارە سەرسەختەکانی ڕاگەیاندووە و بە تەنیا گەڕانەوە بۆ بەرجام و ڕێککەوتنی ناوکی، ئاڵۆزییەکان بەتەواوی کۆتایان نایەت و ڕیشەی قەیرانەکان  زۆر لەوەی شلوێترە  و بەهۆی سەربزێووییەکانی ڕێژیمی ئاخوندی لەسەر ئاستی ناوچەیدا، تا دێت بەرەو شڵەژانی فراوانتر دەچێت.

 هێرشی سەر هێزەکانی ئامریکا لە هەولێر لەلایەن ئێرانەوە و، وڵامی توندی بایدن بەو هێرشە تێرۆریستییە، قووڵیی ستراتیژی ئاڵۆزییەکانی زیاتر سەلماند و سەرۆکی نوێ بێ گوومان کارێك ناکات زیان بە پێگە و نفووزی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئامریکا و دۆستە سیاسی و ئابوورییەکانی لەسەر ئاستی ناوچەیدا بگەیەنێت و لە خۆیان زویر بکات.

حەشدی شەعبی کە ھاوپەیمان و باڵێکی بەھێزی سەر بە ڕێژیمی ئاخوندیە لە عێراقدا، بە بڕیاری تاران ماوەیەك لەمەوبەر ١٤ مووشەکی گرتە ھەولێری پایتەختی حکوومەتی کوردستان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی و لەو نێوەدا هێزەکانی ئامریکاشی نەپاراست و هەر وەک ڕابردوو، تاران پێداگری لەسەر سیاسەتی دژایەتیکردنی لەگەڵ بوونی هێزە نێودەوڵەتی و بە دیاریکراویش هی ئامریکای لە عێراق و بەتایبەتیش هەرێمی کوردستان بۆ قەبووڵ ناکرێ و بەردەوام  حکوومەتی ئاخوندی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە دژی ئەو هێزانەیە و بەمەترسی یان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێ و هەر بۆیەش نێوە بە نێوە بە ئامانجی مووشەکەکانیان دەگرێ و گەلێک جاریش زیانی گیانی و ماددی پێ گەیاندوون.

کاتێک جۆ بایدن سەرکۆماری ئامریکا بڕیاری تۆڵەی هێرشی سەر هەرێمی کوردستانی بە هێزەکانی لە سووریەدا، هێرش بکەنە سەر پێگەکانی تاران و، بۆ ئەو مەبەستە چەند فڕۆکەیەکی بۆمهاوێژی پێشکەوتوو هێرشیان کردە سەرهیزەکانی ئێران و بەزیادەوە تۆڵەی خۆیان کردووە. ئەو بابەتە جگە لەوەی  نیشانەی  ڕوانینی ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی سەبارەت بە ئێران گەیاند، کە دەسەڵاتی تاران خەریکە لە سیاسەتی هێور و سەلیمی ئامریکا بە خراپیی سوود وەردەگرێ و ئەگەر بەتەواوی پابەندی خۆی بە رێكکەوتنە نێودەوڵەتی و هەڕێمایەتیەکان نەسەلمێنێ و نیازی هێرش کردنە سەر ئامریکا و هاوپەیمانەکانی هەبێت، زۆر بەتوندی وڵام دەدرێتەوە و ڕێگای ئەوەیان پێ نادرێ دەرفەتی هاتنەبەرەوەیان بۆ بێتە بەرەوە لە سەر ئاستی ناوچەیدا.

 هەنگاوە دوژمن کارییەکانی تاران و سیاسەتی فراوانخوازی وای کرد ترامپ گەورەترین گەمارۆی سیاسی و ئابووری و بازرگانی بەسەر حکوومەتی ئاخوندیدا بسەپێنێ کە ئەوەش بە نۆبەی خۆی زیانێکی گەورەی بەئابووری ئەو وڵاتە گەیاندوو  و ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەلانی وڵاتی بەگشتی بەسەریەکدا ڕووخاند و ژیان و گوزەرانی خەڵک بە ڕادەیەک دژوار بووە، کە بە بە هیلاکییەکی زۆر دەتوانن بژیوی ڕۆژانەی خۆیان دابین بکەن .

جارێكی تریش ئاماژە بەو خاڵە کرابوو کە جۆ بایدن کارێک ناکات هەڵەی ڕابردوویان لە هەمبەر ئێراندا دووبارە بکەنەوە و بە ڕێگای ڕێککەوتنێکی کرچ و کاڵدا، زیان بەخۆیان بگەیەن و دەرفەتی بەهێزبوون و هاتنەبەرەوەی زیاتر بە تاران بدەن و مەترسی  لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی هاوپەیمان و بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن دروست بکات و، ئەگەر تاران ملهۆڕی بنوێنێ بە دژی هێزەکانی ئامریکا، دەبێت چاوەڕوانی کردەووەی تووندتربن لە لایەن ئامریکاوە بۆ سەر پێگە و هێزەکانیان.

کاتێک بایدن ڕایگەیاند ئامریکا ئامادەیە بگەرێتەوە بۆ نێو ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاراندا، ئیدی ئەوە بەو مانایە نییە کە بێ مەرج دەگەڕینەوە سەر مێزی دیاڵۆگ و کەڵاوەکێشی و سیاسەتی فراوانخوازی تاران یان بەتەواوی لە بیرکردووە و بە ڕێگای سازانێکی نوێدا، هەرگیز زیان بە بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەییان ناگەیەنن و حکوومەتی ئاخوندی وەک دەسەڵاتێکی داخراو و دیکتاتۆر، جگە لە زمانی سەلیم و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی گەلانی وڵات، ئەو کارە دەکەن کە بە قازانجی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی خۆیان بێ و جارێك نەبووە لایەنگری ئاشتی و ئارامی ناوچەی بکەن.

ئیسرائیل وەکوو دۆستێکی گرینگ و ستراتیژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و نەیارێکی سەرسەختی حکوومەتی ئاخوندیی ئێران ماوەیەك لە مەوەبەر ئەوەی ڕاگەیاندووە کە تاران وڵاتێک نییە بە تەواوی پابەندی یاسا و ڕێوشوێنە نێودەوڵەتیەکان بێ و ، ئەو هەڵوێستەی بە ڕوونی بە ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" ڕاگەیاندووە و ئەو سەرچاوەیە لە ڕاپۆرتیكدا، قووڵیی ئەو نیگەرانیەی تەلەبی ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە کە حکوومەتی ئیسرائیل پەیامی ڕوونی خۆی  لەو پەیوەندییەدا بە کۆشکی سپی گەیاندووە و  هەڵوێستی نەرمی واشنتۆن لە هەمبەر تاراندا کە بەڵێنیی گەڕانەوەی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ داوە، زیان بە گشت ئەو لایەنانە دەگەیەنێت کە خۆیان بە دۆست و هاوپەیمانی ئامریکا دەزانن و ئاسایشی هەرێمایەتیش بە تەواوی دەشێوێ.

نتانیاهوو گەڕانەوەی ئامریکا و ئورووپای بۆ سەر مێزی سازانی ئەتۆمی لەگەڵ دەسەڵاتی ئاخوندیدا بە مەترسی و هەڕەشەی لە سەر ئاستی ناوچەیدا وەسف کردووە و پێی وایە ئەو هەنگاوە کە بەرئەنجامی هەڵوێستی نەرم بێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕێژیمی تاران خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەکرێت، ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی و بەوجۆرەش مەترسی لەسەر ئاسایشی سیاسی و نەتەوەییمان دروست دەبێت و شتێك نییە بۆ ئێمە و دۆستەکانمان قەبووڵ بکرێت و ئێمە ڕێگا نادەین تاران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی و هەڵوێستی توندمان دەبێ.

 ئاشکرابوونی هێرشی سەر هێزەکانی ئامریکا لە هەولێر لەلایەن ئێرانەوە، سیاسەتی ئەو وڵاتە و ڕوانینی بایدنی بە جۆرێك گۆڕی کە تاران ئێستا بەتەواوی کەوتۆتە نێو نیگەرانی و دڵەڕاوکێ و لەوەی دڵنیا بوونەتەوە کە سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا سەبارەت بە حکوومەتی ئاخوندی گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لەسەرسیاسەتی ڕابردووی و مەترسی لەسەر ئاسایشی دۆستەکانی سازبکات، ئامریکا ڕوحمی پێ ناکا و بە زیادەوە تۆڵەی لێ دەکاتەوە هەر وەک بە تۆڵەی هێرشەکەی سەر هەولێر ئەنجامیدا.

بێنیامین نتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە ڕاشکاوی سیاسەتی وڵاتەکەی لەهەمبەر تاراندا ڕاگەیاندووە و ئەوان ڕێگری لە حکوومەتی ئاخوندی دەکەن  ببێتە ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی و ئەگەر ئیدارەیی نوێی کۆشکی سپی بۆ تارانی شل بکات و دەرفەتی هەستانەوەی بۆ برەخسێنێ، ئیدی ئەوان بەرنامەی خۆیان بەدژی تاران بەڕێووەدەبن کە لێدانی خێرایە لە بنکە هەستیارەکانی ڕێژیمی ئاخوندی و هێندێك لە وڵاتە عەڕەبیەکانیش ‌هاوڕای تەلەبین و لە ئێستا خەریکن ناوەندێکی ئاسایش و پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و هاوبەشە  نەتەوەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دژی تاران پێك بێن و بەرچاوتر دژایەتی هەنگاوەکانی تاران بکەن.

هیچ کام لە دۆستەکانی ئامریکا لەگەڵ ئەوەیدا نین ئێران وەک وڵاتێکی بەهێز و مەترسیداری ناوچەی، ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی، لەبەر ئەوەی ئاسایشی نەتەوەییان دەکەوێتە ژێر هەڕەشە و مەترسی زیاترەوە و ئامانجی تاران بێگوومان پابەند بوونی بە نێوەرۆکی ئەو ڕێککەتنە نییە و هەر جارەی بە هۆکارێک خۆی دەدزێتەوە و مەبەستیانە لە کات سوودی خۆیان ببینن و بەئامانجە ناوکییەکەیان بگەن.

ڕێژیمی ئاخوندی دەمێکە ئەوەی ڕاگەیاندووە کە مەرجی ئەوان بۆ گەڕانەوە و پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ناوکی، هەڵگرتنی سزاکانی سەر تارانە و ئەگەر ئامریکا ئەوە نەکات، ئێران نیازی نیە بگەرێتەوە بۆ بەرجام ، بێگوومان بادین لە نیازی تاران بە باشی تێگەیشتووە و هەربۆیەش بە سیاسەتێکی ڕەقتر دەچێتە بەرەوە و پێناچێت بە هیچ جۆرێك بۆ تارانی شل بکات کە زیاتر سواری شان و پیلیان بێ و لە پێگە و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی بدات.

ئێران ھەر کارێك دەکات بۆ لاوازکردن و تێکدانی ئارامی ھەرێمی کوردستان و بە ڕادەیەك دژی کورده کە چاویان بەو دەسەڵاتە سیاسی و نەتەوەییەی گەلی کورد ھەڵنایە و بەو جۆرە و زیاتریش پیلانی بە دژی دادەڕێژن و ھەر ئەوەی کە دەرکەوت ئێران لە پشتی ئەو کاریە، جگە لە ڕیسوایی زیاتری ڕێژیمی ئاخوندی، بەرپرسی هێزەکانی ئامریکا لە کوردستان ڕایگەیاندووە کە هەولێر هێڵی سوورە و هەر لایەك هەوڵی تێکدانی ئاسایشی ئەوێ بدات، بە توندی وڵامی دەدەنەوە.  

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.