کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڕانەوەی زستان لە وەرزی بەهاردا

17:30 - 3 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بە هۆی سەرما و بارینی بەفر و باران لە کوردستاندا، چارەنووسی وەرزێڕان بەتایبەت باخداران ناڕوون و نالەبارە.

بارینی بەفر لە هەندێک لە شارەکانی کوردستاندا، لە مانگی دووهەمی وەرزی بەهاردا، ڕوخساری سروشتی گۆڕێ و چارەنووسی وەرزێڕانیش بە هۆی بەروبووم و داهاتی ئەوساڵ خراپ و نالەبارە.

بەفر و سەرما لە هەندێک لە شارەکانی کوردستاندا بوونەتە هۆی سەرمابردوویی چرۆی دارەکان کە ئەوەش زیانێکی زۆری بە باخداران و وەرزێڕان گەیاندووە.

ئیدارەی کەشناسی بڵاوی کردووەتەوە، کە پلەی هەوا بۆ ژێر سفر دادەبەزێت و بارینەکانیش زیاتر دەبێت.

بارینی بەفر پارێزگاکانی ورمێ، سنه، تەورێز، ئەردەبێڵ و چەند پارێزگای دیکەی ئێرانی گرتووەتەوە و هۆشداری دراوە بە هۆی دابەزینی پلەی هەوا ئەگەری بەستەڵەک هەیە و زیانێکی زۆر بە بەشی وەرزێڕی دەگات.

بەڕێوەبەری گشتیی دامپزشکیی ورمێ هۆشداری داوە، کە مێشدارانیش بە نیسبەت دابەزینی پلەی گەرما ئاگادار بن.

بە هۆی سەرما و بەفر باخەکانی هڵوو، قەیسی، گوێز و بادام زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە. خەسارەتی بەفر بە باخداران هەتا ڕادەیەکە کە قەرەبوو ناکرێتەوە.

هەتا ئێستا بڕی خەسارەتی ئەو سەرما و سۆڵە بەراورد نەکراوە.

کارناسانی ئابووری باس لەوە دەکەن، کە بە هۆی سەرمابردوویی باخەکان، ئەمساڵ نرخی ئەو میوانەی کە لە ئێستا لە بازاڕەکاندا هەن، زیاتر دەبێت.