کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڕووس ناوچەیەکی پڕبەهره و پەراوێزخراوە

14:00 - 17 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ناوچەی گەڕووس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناوچەیەکی پڕبەهرە لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران ئەژمار دەکرێت کە لە لایەن ڕێژیمەو پەراوێز خراوە.

ناوچەی گەڕووس سەربە شارەستانی بیجاڕ، لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای ئەوەی کە وەکوو سەرجەم ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مێژوویەکی کۆنی کولتووری و فەرهەنگیی ڕەنگین و جوانی هەیە و ناوچەیەکی دەوڵەمەند لە بواری سەرچاوە سروشتییەکانەوەیە کە لە لایەن ڕێژیمەوە بە تاڵان دەبردرێت، لە بواری سەرچاوە کشتوکاڵییەکانیش بەتایبەت بەرەهەمهێنانی گەنم ناوچەیەکی پڕبەهرەیە و بە یەکێک لە ناوچە بەرهەمهێنەرەکانی گەنم لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران ئەژمار دەکرێت.

سەرەڕای دەوڵەمەندی ئەو ناوچەیە لەو بوارانەوە کە ئاماژی کراوە و بەتایبەت بەرهەمهێنانی گەنم و کشتوکاڵ، ڕێژیمی ئێران هیچ بایەخێک بە بەرهەمەکانی ئەو ناوچەیە نادات.

لەم پەیوەندییەدا، فەرمانداری شارستانی بیجاڕ، لە کۆبوونەوەی شۆرای ئەو شارەدا ڕایگەیاندووە: بیجاڕ و ناوچەی گەڕووس سەرچاوەی بەرهەمهێنانی گەنمی پارێزگای سنەیە و بە یەکێک لە سەرچاوە گرینگەکانی ئێرانیش ئەژمار دەکرێت، بەڵام لە ۳۰۰ دۆنمی (هێکتار) زەوینی کشتوکاڵی ئەو ناوچەیە، تەنیا ۸ دۆنمی ئاوییە، ناوچە کشتوکاڵییەکانی تر پێویستیان بە ئاوی زیاترە بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئەمەش ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، "حەمدوڵڵا کەریمی"، نوێنەری دەسنیشانکراوی ڕێژیمی ئێران بۆ شارستانی بیجاڕ و بەرپرسی نوێنەرە دسنیشانکراوەکانی پارێزگای سنە لە مەجلیسی ڕێژیم،  ڕایگەیاندووە: لە ڕێژەی ۳۱۰ هەزار حەشیمەتی خەڵکی شارستانی بیجاڕ، ڕێژەی دانیشتووانی ئەو شارستانە گەیشتووەتە ۹۰ هەزار و ۳۰۰ کەس و ۲۱۹۷۰۰ کەس ئەو شارەیان بەجێ هێشتووە و بۆ ناوچەکانی تری کوردستان و ئێران کۆچیان کردووە

ئەو نوێنەرەی ڕێژیم، هۆکاری کۆچی خەڵکی شارستانی بیجاڕ و ناوچەی گەڕووسی بۆ پەراوێزخران و بایەخنەدانیان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە گەڕاندووەتەوە.