کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەکانی ڕێژیمی ئێران وێرانکەرن

12:35 - 31 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هەر گەڵاڵە و پرۆژەیەک کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کە بە قەوڵی خۆیان بۆ خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی وڵات بەڕێوە دەچێت، دەبێتە مایەی زەرەر و زیان و وێرانیی وڵات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوە  لە لایەن ڕێژیمەوە، کە بە کەرتی تایبەت و سپای پاسداران دەسپێردرێت، دوای تەرخانکردنی بڕە پارەیەکی زۆر یا بە ناتەواوی بەجێ دەهێشترێن یا تێکیان وەردەپێچن و دوایی چەند ساڵ بە هۆی ناستانداردبوونیان وێرانەیەکیان لێ دەمێنێتەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، زیاتری پرۆژەکان بە هۆی ڕەچاونەکردنی ئەندازیاری پێویست و کەڵکوەرگرتن لە ئەندازیارانی ناشارەزا وێرانییەکانی وەک ئاق قەڵا، ڕووخانی پردەکان، خرابوونی ڕێگاوبانەکانی لێ دەوکەوێتەوە.

بەشی زۆری دانی مۆڵەتی ئاوەدانییەکان لە نزیکیی چۆمەکان، پەنای شاخ و دۆڵەکان و هەڵدێرەکان، بۆ گەندەڵیی ماڵی و سوودی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەت بونیادی مەسکەنی دەگەڕێتەوە.

هاوکات کاربەدەستانی ڕێژیم خۆیان لەسەر بەڕێوەنەبردنی ئەو یاسا و ئوسوولانەی کە خۆیان پەسەندیان کردوون بە بەرپرسیار نازانن.

شارەوانییەکان بۆ بەرژەوەندیی داراییی خۆیان بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئۆرگانەکانی دیکەی ئەو ڕێژیمە، دەوربەر و ڕێڕەوی چۆمەکان و سێڵاوگیرەکان بە دەستوپەیوەندییەکانی خۆیان دەفرۆشن و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو کارئاسانییەک بۆ یەکتر دەکەن.

 هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کرد، شیرکەتەکانی "بەێوەبەری گەڵاڵە و پرۆژەکان" لە ئیراندا، بۆ پرۆژەکانیان زۆرترین پارە پێشنار دەکەن کە بە ساتوسەودا و بەشێوەی ژێرمیزی وەری دەگرن.

ئەوە شیرکەتانەش کە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان لە دواکەوتووترین کەرەستە بە نزمترین کوالتی و لە کەسانی ناشارەزا لەو بوارەدا کەڵک وەر دەگرن بۆ ئەوەی کە کەمترین تێچووی ماڵی هەبێت.

بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەش لە ئاسانترین ڕێکار کەڵک وەر دەگرن، تەنانەت ئەگەر زۆرترین زەرەری بۆ خەڵک، ژینگە ، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی سەرزەوی و ژێرزەوی و سەرچاوە سروشتییەکان یا شوێنەوارە مێژویییەکان هەبێت.

نموونەی  بەرچاوی ئەو کاولکارییانە، دۆخی هەڵکەوتوویی پێترۆشیمی شاری مەهابادە، کە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئاسەواری نالەباری بۆ ژینگەی ناوچە دەبێت و زەوییەکشتوکاڵییەکانی ناوچەی شاروێرانی خستووەتە مەترسییەوە، ئەوە  لە حاڵێکدایە کە هیچ داهاتێکی جیا لە وێرانی بۆ شاری مەهاباد نییە.

نموونەیەکی دیکەی کاولکاریی ڕێژیم بۆ بەڕێوەبردنی پرۆژەکانی خۆی، لێدانی هێڵی ئاسنیی شەمەندەفەر لە نزیک گوندی لەج لە ناوچەی شاروێرانه کە بە نێوەڕاستی شوێنەواری مێژووییی سێگردانی لەجدا لێ دراوە.

ئەو پرۆژانەی ڕێژیمی ئێران دەرخەری ئەوەیە، کە خزمەتگوزاریی لە لایەن کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمەوە گرینگ نییە.