کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی "پشتیوانی لە مافی بەکارهێنەرانـی دونیای خوازەکی" ڕەخنەی لێ کەوتەوە

13:09 - 4 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژ ئەنجوومەنی "تجارت الکترونیک" تاران کە پێکهاتووە لە چەندین بەڕێوەبەریی باڵای شیرکەتەکانی "عەلی بابا، دیجی کالا، کافە بازار، دیوار، ئاپارات و فیلیمو" لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ڕێژیم، لە ئەگەری پەسەندکردنی "گەڵاڵەی" پشتیوانی لە مافی بەکارهێنەرانـی دونیای خوازەکی" نیگەرانیی خۆیان ڕاگەیاندووە.

واژۆکەرانی ئەو نامەیە ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەشێکی زۆر لە خاڵەکانی ئەو گەڵاڵەیە بۆ جێبەجێکردن نابن.

هەروەها جەختیان کردووەتەوە لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەو گەڵاڵەیە دەتوانێت چەندین خەساری وەک: "بێ متمانەبوونی بەکارهێنەران بەنیسبەت بەشی خزمەتگوزارییە نێـوخۆییەکان، گوشاری زۆر بۆ توێژەکانی گۆمەڵگا و پیشە بچووکەکانـ"ـی لێ بکەوێتەوە.

 ڕەخنەگران وتوویانە بە پێچەوانەی ناوی ئەو گەڵاڵەیە کە بە مەبەستی "پشتیوانی لە مافی بەکارهێنەرانـی دونیای خوازەکی" پێشنیار دراوە بەڵکوو ئامانجی ئەو گەڵاڵەیە ئەوەیە کە دەستپێگەیشتنی خەڵک بە ئینتێرنێت کەم بێتەوە.

بە دوای ڕەخنەی "بەکارهێنەران و کارناسانی دونیای خوازەکی" ئەو گەڵاڵەیە بۆ جارێکی دیکە درایەوە پێداچوونەوە لە مەجلیسی ڕێژیم.